02/11/2018

ژینگە چیە؟

ژینگە چییە؟

 

ژینگە (Environment): بریتییە لەو ناوەندە سروشتییە هاوسەنگەی کە زیندە بوونەواران بە هاوسەنگی تێیدا دەژین، پێک دێت لە کۆمەڵێک هۆکار و گۆڕانکاری کیمیایی و فیزیایی و بایۆلۆجی لە چوارچێوەی جوگرافیای بوونەوەراندا کە تێیدا دەژین.

 

زانستی ژینگە (Ecology): ئەو زانستەیە کە لە سەرجەم پیکهاتەکانی ژینگە دەکۆڵێتەوە و دیاریکردنی کار و چالاکییەکانی مرۆڤ تیایدا.

 

چەمكی زانستی ژینگە:زانستی ژینگە یاخود ژینگەزانی یان ژینگەناسی زانستێكی تازەیە، لەمڕۆدا تا ڕادەیەك وردە وردە خەریكە ئەم زاراوەیە بەناو كۆمەڵانی خەڵكدا بڵاو دەبێتەوە، جێی خۆیەتی بزانین ئەم چەمكە لە چییەوە هاتووە و كەی پەیدا بووە، زاراوەی زانستی ژینگە (Ecology) زانای ئەڵمانی ئه‌رنست هایكڵ (Ernst Haeckel) لەساڵی‌ 1866 دایناوە، كە ئەمەش لە ئەنجامی لێكدانی دوو وشەی یۆنانییەوە پەیدا بووە، ئەوانیش “Oikos” بە واتای “خانوو” یان “ماڵ”، وە “logos” بە واتای “زانست”ە.

ئەم زاراوەیە ئیتر لە سەدەی بیست بەدواوە بووە جێگەیی بایەخپیدانی گرنگی لیكۆڵەران، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو هەموو جەنگ و شەڕوشۆڕەی كە جۆرەها چەك و تەقەمەنی تێدا بەكار هات و، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لەسەر ڕووی زەوی و، زۆربوونی كارگەكان و، دەردانی وزەی زیاد لە پێویست بە تایبەتی لە لایەن وڵاتە پیشەسازییەكان و، زۆربوونی ئوتومبێل… هتد، كە زیانیكی گەورەی ژینگەیی هێنایە ئاراوە لە قەتسبوونی گەرما و تۆز و خۆل و دەیان كارەساتی سروشتی كە ڕاستەوخۆ كاریگەری زۆر خراپیان كردە سەر ژینگە و، هاوسەنگی ژینگەیان تیك دا.

زانستەکانی ژینگە (Environment Sciences): بریتییە لە هەموو ئەو زانستانەی کە پەیوەندیدارە بە ژینگەوە وەک زانستی زەویناسی، کەشناسی، زیندەوەرزانی، فیزیا، کیمیا، خاک، ئابووری، دارستان، ئاو، دەریا و… هتر.

* ژینگە تەنیا بابەتێک یا تەوەرێک نییە، بەڵكوو ئەمڕۆ و لە دەرئەنجامی پەلهاویشتن و پەیوەندیداربوونی ژینگە بە زۆرێک لە زانستەکانەوە پێویستە زانایانی ژینگە و ژینگەناسان و ژینگە دۆستان زانیارییان دەربارەی زانستەکانی ژینگە هەبێت. وەک زانستی زەویناسی، کەشناسی، زیندەوەرزانی، فیزیا، کیمیا، خاک، ئابووری، دارستان، ئاو، دەریا، بەرگە هەوا، ژینگە دروستی، چاودیری ژینگە، ئیدارەی ژینگە و چاودێری ژینگە لە هەموو ڕووەکانیەوە ڕۆشنبیری ژینگەیی و گۆمەڵگە کە ئەمانە بابەتە گەورەکانی ژینگەن لە جیهاندا.

 

پۆلێنکردنی ژینگە:لە پۆلێنی گشتیدا ژینگە دابەش دەبێ بۆ دوو بەش:١- ژینگەی سروشتی: ئەو ناوەندەیە کە مرۆڤ بە شێوەیەکی سادە تێیدا دەژی، سوود لە سەرجەم ئەو پیکهاتانە وەردەگریت کە سروشت بۆی دابین کردووە و ژینگە بە سووڕی ئاسایی خۆیدا دەڕوات لە پاراستن و ئاڵوگۆڕی سروشتیدا، بە شیکردنەوەی پاشماوەکان بۆ توخم و ماددە سەرەتاییەکان بەمەش جارێکی تر یەکەی بەرهەمهینان سوودی لێ وەردەگیریت بۆ دووبارە دروستکردنەوەی خۆراک.

٢- ژینگەی دەستکرد: پاش ئەو پێشکەوتنەی کە مرۆڤایەتی بە خۆوەی بینی بە جۆرێک کە چەندەها شاری گەورە و کارگەی زەبەلاح و سووتاندنی ملیۆنەها بەرمیل نەوت لە ڕۆژیکدا و دەرهێنانی هەزاران تەن کانزای ژێر زەوی و بڕینەوەی هەزاران هێکتار زەوی دارستان، لە دەرئەنجامی ئەمانە (ژینگەی دەستکرد) دروست بوو.

پێشكەوتنی مرۆڤایەتی مەترسی خستە سەر ژینگە، ژینگە نەیتوانی زاڵ بێت بەسەر ئەو گۆڕانكارییە گەورانەی كە مرۆڤ لە ماوەی ئەم چەن سەدەیەی دواییدا دروستی كرد، داهێنانەكانی مرۆڤ بوونە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و پلەی گەرما و پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەكان و بڕینەوەی دارستانە گەورەكانی جیهان، ئەمە و هەوڵەكانی مرۆڤ بۆ بەكارهێنان و دەرهێنانی كانزاكان هاوسەنگی ژینگەی شێواند و سروشتی زەوی گۆڕی بۆ ژینگەیەك كە دەستكردی مرۆڤ خۆی بوو.

 

دەوروبەرە ڕژێم (Ecosystem):دەوروبەرە ڕژێم: بریتییە لە کۆمەڵێک خۆڕێکخستنەوەی تاکی کۆمەڵگەیەکی زیندوو وە پەیوەندی لەگەڵ تاکێکی تردا هەروەها لەگەڵ ئەو شوێنەی تێیدا دەژی کە ئاڵوگۆڕکردنی وزە و ماددەی تێدا دەکرێت.

 

پێکهاتە بنچینەییەکانی دەوروبەرە ڕژێم:دەكرێن بە دوو بەشەوە (پێكهاتەی زیندوو و نازیندوو).

1- پێكهاتەی زیندوو:كە بوونەوەری (بەرهەمهێنەر، بەكاربەر و مشەخۆر یا شیكەرەوە) دەگرێتەوە.

ا- بوونەوەری بەرهەمهێنەر (Producer Organism): لە یاسا ژینگەییەكاندا هەندێ ڕووەك و زیندەوەر خۆراك بەرهەم دەهێنن، پێیان دەوترێت (بەرهەمهینەر)، بۆ نموونە ڕووەك گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و ئاو و كانزای سەرەتایی دەگۆڕێت بۆ پێكهاتەی سەرەكی ژیان (وەك: كاربۆهیدرات و پڕۆتین و جۆرەكانی چەوری)، هەروەها گرنگترین پێكهاتە بەرهەم دەهێنێت كە ئەویش (ئۆكسجین)ە، بە كردارێك كە بە ڕۆشتنەپێكهاتن ناسراوە.

ب- بوونەوەری بەکاربەر (Consumer Organism): ئەمەیان زۆربەی زیندەوەران دەگرێتەوە بە خودی مرۆڤیشەوە كە خۆراك بەكار دەبەن، پێیان دەوترێ (بەكاربەر).

ج- بوونەوەری مشەخۆر یا شیکەرەوە (Decomposer Organism): ئەمەیان ئەو زیندەوەرانە دەگرێتەوە كە پاشماوەی زیندەوەران شی دەكەنەوە بۆ پیكهاتە سادەكان، پێیان دەوترێت (شیكەرەوە یا مشەخۆر)، ئەو زیندەورانەش كە ئەم كارە دەكەن وەك (بەكتریا، كەڕوو و هەندێ جۆری مێش و مەگەز)، لە ڕژێمی پارێزگاریكردنی ژینگەدا ئەو تەنانەی شی دەبنەوە جارێكی تر دەبنەوە بە ماددەی سەرەتایی و بە هۆی زیندەوەر و ڕووەكەوە دەبنەوە بە خۆراك، بەم كردارە پاراستنی ژینگە دەچیتە قۆناغی سروشتییەوە، هەر گۆڕانكارییەك لەم ڕژێمەدا واتای پیسبوونی ژینگە دەگریتەوە.

 

2- پێكهاتەی نازیندوو:ا- هۆکاری فیزیایی: پیک دێت لە ئاو، هەوا، زەوی، تیشکی خۆر، گەرمی، با، شێ، ڕێژەی بارانبارین و… هتر.

ب- هۆکاری کیمیایی: پیک دێت لە کاربۆن، نایترۆجین، فسفۆڕ، پۆتاسیۆم، ڕێژەی ماددەی ژەهراوی و… هتر.

 

گرنگترین بابەتە ژینگەییەکانی جیهان:- زۆربوونی دانیشتوان

– فشاری زۆری سەر داهاتە سروشتییەکان

– گۆڕانەکانی کەش و هەوا

– زۆربوونی ڕووداوە سروشتییەکان

– دیاردەی قەتیسبوونی گەرمی (بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەرگە هەوا)

– بەبیابانبوون و وشکبوونەوە

– پیسبوونی هەوا و زۆربوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن

– پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان

– کونبوونی چینی ئۆزۆن

– لەناوچوونی دارستانە کەمەرەیی و جەمسەرییەکان

– پاشەڕۆی مەترسیدار

– پاشەڕۆ ناوەکییەکان

– پاشەڕۆ شارەوانییەکان (ماڵان و کارگەکان)

– لەناوچوونی هەندێ لە جۆرەکانی ڕووەک و گیانەوەر

– هەژاری و نەخۆشی

– شارە گەورەکان

– جەنگ و پاشماوەکانی جەنگ

– بەرەنگاربوونەوەی یاسا و ڕێسا ژینگەییەکان بە هەڕەشە

– ترشە باران

 

 

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

پلەکانی گەرمی دادەبەزن

برادۆست میدیا: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كه‌شناسى و بومه‌له‌رزه‌زانى هه‌رێمى كوردستان ره‌وشى كه‌ش…