12/05/2019

یەکەم تاقیکردنەوەی نووسین لە جیهاندا لە چینەوە دەستیپێکرد و بەجیھاندا بڵاو بووەوە

وەرگێڕانی: عیسا بۆتانی

برادۆست میدیا

بۆ یەکەمجار بەر لە نزیکەی ٢٢٠٠ ساڵ پێش زایین, چینیەکان بوون تاقیکردنەوەی نووسینیان داھێنا, ئەوسا ناویان نا (تاقیکردنەوەی ئیمپراتۆری). لەو کاتەدا ئیمپراتۆری چین بۆ دانانیان لە پۆستە باڵاکان یانیش بەرزکردنەوەی پلەکانیان یاخود بۆ لەکار لادانیان ھەموو ساڵ جارێک ئاستی ھزری فەرمانبەرانی ھەڵدەسەنگاند. تاقیکردنەوەکان چەند بواری وەکو جوگرافیا و رمھاوێژی و ھەسپسواری و یاسای شارستانی و کاروباری سەربازی و کشتوکاڵ و بازرگانی دەگرتەوە، بەمشێوەیە کارمەندان بۆ دامەزراوەکانی حکوومەت تاکو ساڵی ١٩٠٥ یش لەسەر ئەو بنەمایە ھەڵدەبژێردران.

تاقیکردنەوە لەچین پشت بە زانیاری کلاسیکی و شێوازی وێژەیی دەبەستێت نەوەک شارەزایی تەکنیکی، ئەوسا پالێوراوە سەرکەوتووەکان بەشدارییان لە زمان و رۆشنبیری ھاوبەش دا دەکرد؛ کە ھۆکارێک بوو بۆ پێکھێنانی ژیانی ھزری و رۆشنبیری و سیاسی چینییەکان. ئا ئەوە بوو کە رۆڵی لە یەکگرتوویی ئیمپراتۆریەت دا گێڕا و شەرعییەتی بە سیستەمی ئیمپراتۆری دا کە لەسەر شەنگەستی توانایی و کێبڕکێ بوو.

بە زوویی سیستەمی تاقیکردنەوەی چینی لە وڵاتە ھاوسێیەکانی ئاسیایی وەکو ڤێتنام و کۆریا و یابان دا بڵاو بووەوە و دواتریش لە ڕێگای ھەڵمەتەکانی تەبشیری و دیپلۆماسی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا گوازرایەوە، بۆ یەکەمجار کۆمپانیای ھیندی رۆژھەلاتی بەریتانی؛ بۆ دانانی فەرمانبەرەکانی شێوازی تاقیکردنەوەی چینی بەکار ھێنا، دوای سەرکەوتنی کۆمپانیاکە حکوومەتی بەریتانیا لە ساڵی (١٨٥٥) ئەو شێوازە تاقیکردنەوەیەی بۆ ھەڵسەنگاندنی فەرمانبەرانی خزمەتی شارستانی پەسند کرد.

ئەوەبوو لە قۆناغی دواتر شێوازی تاقیکردنەوەی چینی لە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان دا کاری پێکرا, لە ناوەڕاستی چەرخی نۆزدە بۆ پێوانەکردنی کارامەیی قوتابییەکانیان زانکۆکانیش پەنایان بۆ ئەو جۆرە تاقیکردنەوەیە برد کە لەپێشوودا لە چەرخەکانی ناوەڕاستەوە تەنھا کار بە تاقیکردنەوەی زارەکی دەکرا. لەمڕووەشەوە زانکۆی کامبردج یەکەم زانکۆ بوو؛ دواتر ئکسفۆرد ئەم شێوەیە تاقیکردنەوەیان ئەنجامدا و داوتریش بەسەر چەند وڵاتێکی ئەوروپی وەکو فەرەنسا ئەڵمانیادا بڵاو بووەوە، پاش ئەوە دامەزراندنی فەرمانبەر و بەڕێوەبەرەکان لەسەر بنەمای توانا و کارامەیی بڕوانامەیان پێدەدرا نەوەک بە لەبەرچاوگرتنی مەحسوبیەت و پشتوپەنا.

ئا بەمشێوەیە رێگا ھەمەجۆرەکانی تاقیکردنەوەی نووسین و زارەکی دروست بوو؛ نەشونمای کرد و بەنێو سیستەمی نوێی فێرکردندا بڵاو بووەوە و بووە میکانیزمێکی جێگیر و روون و جیھانی.

فنلەندا یەکەم وڵاتە سیستەمی تاقیکردنەوەی ھەڵوەشاندەوە

فنلەندا کە ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە پێنج ملیۆن کەس، بەپێی راپۆرتی کێبڕکێی جیھانی لە ساڵی ٢٠١٥ دا لەڕووی فێرکردنەوە بووە بەھێزترین وڵات. دەستھەڵگرتن لە تاقیکردنەوەکان وایکرد فنلەندا لەبواری سیستەمی فێرکردنەوە لەسەر ئاستی دنیا بگاتە پلەی یەکەم، ھیچ تاقیکردنەوەیەکی نەھێشت جیا لە پرۆگرامی ھەڵسەنگاندن ئەویش بە مەبەستی ناسینی نموونەی دیموگرافی منداڵان؛ بەجۆرێک کە دەرەنجامەکەی بۆ بڵاوکردنەوە و ھەڵسەنگاندن بەکار نێ و ئامانج لێی بەراوردکاری لەنێوان قوتابخانەکانیش نەبێت؛ بەڵکو لایەنی پەیوەندیدار لەڕێگەی ئەو دەرەنجامانە بۆ پەرەسەندن سیستەمی فێرکردن کەڵکی لێوەرگرێت، ئەو سیستەمە بەھیچ شێوەیەک ئەزبەرکردن و تەلقینی تێدا بەکار نایێ و لەبری ئەوە جەخت دەکرێتە سەر پرۆگرامێک کە پشت بە بیرکردنەوە دەبەستێ.

نەک تەنھا ئەمە؛ بەڵکو بەرپرسانی بواری فێرکردن لە فینلەندا کار بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندنیش دەکەن؛ لەجیاتی ئەوە پەنا بۆ ئەو بابەتانە ببرێ کە ئاسۆی کراوە لەبەردەم بیرکردنەوەدا بڕەخسێنێت…. بەڵێ ئەمە دەبێتە شۆڕشێک لە رێگاکانی فێرکردن لەو وڵاتەدا.

فەرەنسا دەستبەرداری تاقیکردنەوە نابێت

فەرەنسا بەیەک لەو وڵاتانە ھەژمار دەکرێ کە پەیوەستە بە سیستەمی تاقیکردنەوەی یەکگرتوو, لەپاش پێنج ساڵ لە خوێندنی قۆناغی دەستپێکی رێژەیەکی یەکجار کەمی قوتابیان بە دەربازبوونیان لە تاقیکردنەوەیەکی سەخت و قورس دەرفەتی چوونە کۆلێژیان بۆ دەڕەخسێت؛ ئەوە لە کاتێکدایە کە زۆربەی ئەوانی دیکە پەیوەندی بە قوتابخانە ئامادەییە ئاستنزمەکانەوە دەکەن. لە کۆتایی قۆناغی کۆلێژیش قوتابی رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی دیکەی قورس دەبێتەوە کە بەکالۆریایە و دەرەنجامەکانی چارەنووسی یەکلا دەکەنەوە ئاخۆ پەیوەندی بە زانکۆوە دەکات یانیش نا.

رێژەی دەرچوونی قوتابیانی کۆریای باشوور ھەمیشە (١٠٠%)ە

بەپێی راپۆرتی ساڵی ٢٠١٤ ی (بیرسۆن ڤیو), کۆریا لە لووتکەی باشترین وڵات بوو لەڕووی سیستەمی فێرکردنەوە. لە کۆریادا نزیکەی زۆرینەی قوتابیەکانی سەرەتایی دەپەڕنەوە بۆ قۆناغی ناوەندی و قوتابیانی ناوەندیش بۆ قۆناغی دواناوەندی، ئەمەش واتایەکە کە پەڕینەوە شێوەی ئۆتۆماتیکی بەخۆوە دەبینێت و بەپێی ھەڵسەنگاندنی قوتابخانە بڕوانامە بە قوتابی دەبەخشرێت، بەمھۆیەشەوە ھەمیشە رێژەی دەرچوون لە ١٠٠% نزیک دەبێتەوە. ئەو تاقیکردنەوانە پێوەر نیە بۆ پەڕینەوە لە پۆلێکەوە بۆ پۆلێکی دیکە؛ بەڵکو وەکو رێگایەک بۆ ھەڵسەنگاندنی قوتابی بەکار دێ و قوتابی خۆی لە قۆناغی سەرەتاییەوە پۆل دوای پۆل سەردەکەوێت.

لە یابان بە درێژایی ساڵ تاقیکردنەوەیە

لەو وڵاتی یابان دا، بە درێژایی ساڵ ھەڵسەنگاندنی تێدا ئەنجام دەدرێ و ھیچ شتێک نیە ناوی دەرچوون و کەوتن بێت.

قوتابیانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بێ تاقیکردنەوە دەپەڕنەوە تاقیکردنەوە

لە ئەمریکادا بۆ پەڕینەوەی قوتابی لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی دیکە؛ تاقیکردنەوە رۆڵی سەرەکی ناگێڕێت، بەو واتایەی کە قوتابی ناچار نابێت لە کۆتایی قۆناغی سەرەتایی بەربەستی تاقیکردنەوە تێپەڕێنێت تاکو بچێتە قۆناغی فێرکردنی ناوەندی.

لە بەریتانیا بڕوانامەی فێرکردنی گشتی جێی بڕوانامەی قوتابخانەی گرتۆتەوە

لە بەریتانیادا رێنماییەکان وەھان کە منداڵانی تەمەن پێنج ساڵ دەبێت حەفتانە بۆ ماوەی کاتژمێرێک ئەرکەکانی ماڵەوەیان پێ بدرێ و شیکاری بکەن، لە ساڵی (١٩٥١)ەوە بڕوانامەی فێرکردنی گشتی جێگەی بڕوانامەی قوتابخانەی گرتەوە کە بە بڕوانامەی ھەرە بەرز لە فێرکردنی گشتی یان فێرکردنی بەر لە زانکۆ دادەندرێت. بۆ وەرگرتنی ئەو بڕوانامەیە چەند ئەنجوومەنێک سەرپەرشتی تاقیکردنەوەکان دەکەن و ئەو ئەنجوومەنانە بە ھەماھەنگی لەگەڵ زانکۆکان بەشێوەی تاکلایەن ئاستی تاقیکردنەوە دیاری دەکەن و بڕوانامەکەش لەسەر دوو ئاستە (بڕوانامەی ئاسایی و بڕوانامەی پێشکەوتوو). لەو تاقیکردنەوەیەی بڕوانامەدا یان پەڕاوی زێدەی تاقیکردنەوە یانیش پرسیاری زێدە لە یەک لە پرۆگرامەکاندا تێبینی دەکرێ کە نیشانەیەکە بۆ ئاست و کارامەیی قوتابی.

ئامادەکردنی بۆ زمانی عەرەبی: ناجیە بەرادع، وێبسایتی (إمارات الیوم).

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

مامۆستایانی ناڕازی هەڕەشەی بایکۆتی پڕۆسەی ساڵی نوێی خوێندن دەکەن

لەگەڵ نزیکبونەوەی دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان مامۆستایانی ناڕازی هۆشداری…