24/03/2020

قوتابیانی هەردوو پەیمانگای پزیشکی هەولێر و و سۆران داوایەک ئاڕاستەی وەزیری خوێندنی باڵا دەکەن

پەروەردەیی

قوتابیانی هەردوو پەیمانگای پزیشکی هەولێر و سۆران داوا کارن لە وەزیری خوێندنی باڵا رەچاوی خاوی هێڵی ئەنتەرنێت و بژێوی ژیانی خەلک بکەنەوە پێش بڕیاردان لە خوێندنی ئۆنلاین ، پەرلەمانتارێکیش داواکارە لەرێگەی تەلەفزیۆنەوە خوێندن تەواو بکرێت.

لە داواکاریەکەدا کە ژمارەیەک قوتابی هەردوو پەیمانگاکە بۆ “برادۆست میدیا”یان ناردووە داواکارن خوێندنی ئەمساڵ دوابخرێت نەک بەشێوەی ئۆنلاین تەواو بکرێت.

هێژا فرسەت هەرکی، قوتابی پەیمانگای پزیشکی هەولێر تایبەت بە برادۆست میدیا ووتی،” هێڵی ئینتەرنێت زۆر لاوازە بەتایبەت لە گوندەکان و ناوچە سنوورییەکان، هەروەها لەبەر دۆخی خراپی قوتابی، بەشێک لەقوتابیان کۆمپیوتەریان نیە بۆ خوێندنی ئۆنلاین.

هێژا وتیشی، ” ئێمە داواکارین پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لەمانگەکانی هاوین تەواوبکرێت و بیر لە خوێندنی ئۆنلاین نەکرێتەوە.

ئەو قوتابیەی پیمانگای پزیشکی هەولێر دەشلێت،” لەئێستادا من بەکارتی فری زین قسەتان لەگەڵ دەکەم و بەباشی ناتوانم پەیامی خۆم بگەینم، چۆن بتوانم بەئۆنلاین بەشی تەندروستی تەواوبکەم.

لای خۆیەوە پەرلەمانتاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هیمداد صباح پێشنیارێکی بۆ هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە کردوە و داواکارە لەجیاتی خوێندن لەرێگەی ئینتەرنێت با وانەکان خوێندن لەرێگەی پەخشی تەلەفزیۆنەوە پێشکەش بکرێن.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، ” هەموو مالێک تیڤی هەیە بەڵام هێڵی ئینتەرنێت وەک پێویست نیە تا قوتابی بتوانێت سوودی لێوەربگرێت، ئەمە جگەلەوەی کۆمپیوتەریش لەهەموو ماڵێک نیە، بۆیە باشترین چارەسەر خوێندن تەواو بکرێت و وانەکان لەرێگەی تیڤی پێشکەش بکرێن.

دەقی داواکاریەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی بۆ هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا

پێشنیارێک لەپێناو بەردەوامبوونی خوێندنی ئەمساڵی زانکۆ و قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان

بەڕێزان بەداخەوە ژمارەی تووشبووانی کۆڕنا لەسەرتاسەری جیهان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی رۆژانە لەبەرزبوونەوەیە، سەرەڕای هەوڵە پزیشکی و زانستییەکان هێشتا ڤاکسینی دژە کۆڕۆنا نەدۆزرایتەوە، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەم دۆخە نائارامە چەند مانگێکی دیکە بخایەنێت.

بۆیە بەندە وەک پەرلەمانتار و نوێنەری خەلکی هەرێم پێشنیار دەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن و وەزارەتی خوێندن باڵا و توێژینەوەی زانستی، بیر لە رێگە چارەی گونجاو بکەنەوە لەپێناو نەفەوتانی ساڵێکی خوێندنی رۆڵەکانمان.

باشترین و ئاسانترین چارەسەر ئەوەیە خوێندن بکرێت بە ئۆنلاین و لەرێگەی ئینتەرنێت و تەلەفزیۆن وانەکان بوترێنەوە، ئەوەش لەرێگەی بەرنامەیەکی گشتگیر و بەپێی خشتەیەکی تۆکمە کە بتوانرێت قوتابی و خوێندکارانمان سوودی لێببینن.

بەڵام وەک ئاشکرایە سیستەمی ئینتەرنێتی وەک پێویست نیە بەتایەبت لە گوندەکان و ناوچە دوورەگان، هەتا ئەگەر سیستەمی ئینتەرنێتیش باش بێت بەڵام هەموو مالێک کۆمپیوتەری نیە، بۆیە چارەسەری گونجاو ئەوەیە کە پرۆسەی خوێندن بەردەوامبێت لەرێگەی پەخشکردنی وانەکان لەڕێگەی تەلەفزیۆنەوە، ئەویش بەپێی بەرنامە و خشتەیەک کە پێش وەختە رابگەینرێت و کاتژمێرەکان بەپێی وانە و قۆناغەکانی خوێندن دابندرێن، وە رەچاوی بژێوی و سەلامەتی مامۆستایانی وانەبێژ بکرێتەوە.

لەگەڵ رێزدا
هیمداد صباح بلال
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لەپەرلەمانی کوردستان
23ی ئاداری 2020

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

مامۆستایانی ناڕازی هەڕەشەی بایکۆتی پڕۆسەی ساڵی نوێی خوێندن دەکەن

لەگەڵ نزیکبونەوەی دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان مامۆستایانی ناڕازی هۆشداری…