04/07/2019

قوتابیانی دەرچووی تواناسازیی داوای شایستە داراییەکانیان دەکەن

برادۆست میدیا

قوتابیانی دەرچووی پرۆگرامی تواناسازیی حکوومەتی هەرێم کوردستان، ئەوانەی گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان، داوای ئەو بڕە پارەیە دەکەن کە حکوومەت دەبوو لەپای خوێندنیان لە وڵاتانی دەرەوە بیان داتێ.

ئەو قوتابیانە لە  ژێر ناوی “دەستەی نوێنەرانی قوتابیانی دەرەوە”، پەیامێک ئاراستەی حکوومەت دەکەن و دەڵێن: “بۆ بەردەوام بوونمان لە خوێندن لە کاتی قەیرانی دارایی، ماڵ و موڵکمان هەرزان فرۆشکرد، بەڵام ئەگەرچی ئێستا دۆخی دارایی باشترە، پارەکانمان بۆ خەرج ناکرێت”.

دەشڵێن: ” هەوڵێک هەیە دووبارە بێبەش بکرێین لە پێناو چەند قوتابیەک گوایە لەدەرەوە بەردەوامن لەخوێندن، ئێمە رووی پرسیار لە حکومەت دەکەین ئایا دەکرێت دواین خولی تواناسازی لە 2011 ناویان دەرچوو واتە 8 ساڵ بەر لە ئێستا کەچی تا ئێستا خەڵکانێک قوتابی بن ئاخر دکتۆرابێت لەماوەی 8 ساڵ دووجار دکتۆرا تەواودەکرێت گەر ماستەربێت چوار جار تەواودەکرێ؟”.
لەئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکانیان، قوتابییەکان هەڕەشەی گرتنەبەری رێگای یاسایی و مەدەنی دەکەن.

دەقی پەیامی قوتابیانی تواناسازیی

بابەت کێشەی شایستەدارایەکانی قوتابیانی دەرچووی تواناسازی کە گەراونەتەوە کوردستان،
ئێمەی کاندیدان دوای ئەوەی لەماوەی خوێندنمان تووشی قەیرانی دارایی و بێ مووچەیی بووین، بۆ بەردەوام بوون لەخوێندن تەواوی مال وحالمان هەرزانفرۆش کرد و لەسەرئەستۆی خۆمان بەردەوام بووین، بەڵێنیان پێداین هەرکات گەراینەوە و بارودۆخ باشبوو بەزووترین کات مافەکانمان پێبدەن، دوای گەرانەوە بەسەرکەوتووی و ئەنجامدانی پاکتاوی دارایی ماوەی سێ ساڵ تێپەریوە تا ئێستا حکومەت قەرزەکانی پێنەداوین لەکاتێک بە شاهێدی هەموولایە بارودۆخی دارایی زۆرباشترە بەراورد بە سێ ساڵ پێشوو، دوای هەول و کۆشش و زیاتر لە ۱۰ گردبوونەوە ئەنجومەنی وەزیران لەچەند ڕۆژی ڕابردوو بریاریدا ۱۰ ملیۆن دۆلار تمویل بکرێت بۆسەر هەژماری وەزارەتی خوێندنی باڵا بەمەستی کۆتایی هێنان بەم کێشەیە، بەڵام هەرچەندە جەنابی وەزیر خودی خۆی و دکتۆرە جوان بەرپرسی نێردراوان چەندین جار بەڵێنیاندا پێشینە بۆ ئێمەبێت،کەچی ئێستا هەوڵێک هەیە دووبارە بێبەش بکرێین لە پێناو چەند قوتابیەک گوایە لەدەرەوە بەردەوامن لەخوێندن، ئێمە رووی پرسیار لە حکومەت دەکەین ئایا دەکرێت دواین خولی تواناسازی لە ۲۰۱۱ ناویان دەرچوو واتە ٨  ساڵ بەرلەئێستا کەچی تا ئێستا خەلکانێک قوتابی بن ئاخر دکتۆرابێت لەماوەی ٨ ساڵ دووجار دکتۆرا تەواودەکرێ گەر ماستەربێت چوارجار تەواودەکرێ، بەڵام ئاگادارین بەشێکی زۆر قوتابیان مافی مانەوەیان لە ئەمریکا و کەنەدا و ئەوروپا وەرگرتوە یاخود ئیشیان دەستکەوتووە و ئامادەنین بگەرێنەوە و یاری بەوەزارەت و حکومەت دەکەن بەبیانۆی درێژکردنەوەی خوێندن و فێلی تر، بەڵام زۆربەداخەوە وەزارەت ئەوەلیات دەدات بەئەوان و هێشتا پارە وەردەگرن تاکە مەرجی وەزارەت ئەوەیە کاتێک چەکی پارە دابەشدەکرێ قوتابی لەکوردستان بێت ئەوەش زۆر ئاسانە تکتێک دەبڕن و ماوەی ۱۰ ڕۆژ سەردانێکی کوردستان دەکەن و بڕێکی زۆری پارەش وەردەگرن، بۆیە ئێمەی قوتابیانی دەرچوو و گەراوە بەهیچ شێوەیک قبولی ئەم زولمە ناکەین و تەواوی رێکاری یاسایی و مەدەنی دەگرینەبەر، چونکە گەر بەسەرکەوتووی بێت ئەوەلیات بۆ ئێمەیە زووتر گەراینەوە و دەستبەکاربووین لە دام و دەزگاکانی حکومەت، گەر بە یاسابێت تەواوی بەندەکانی گرێبەستمان جێ بەجێکردوە، گەر بە مەنتق و لۆژیک بێت هەرئێمەین قوربانیمان داوە و زەرەروزیانی زۆرمان کرد بەفرۆشتنی ماڵ و حالمان کە ئێستە بە دووقاتی نرخی خۆی ناکردرێتەوە، گەر بە نیشتمانپەروەری بێت ئێمەین لەکاتێک ووڵات شەری داعش و قەیرانی دارایی هەبوو ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدامان جێهێشت لە پێناو ووڵات و نیشتمان، ئاخر چ پێوەرێکی تر هەیە تاوەکو وەزارەت ئێمە پشتگوێبخات، بۆیە بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافەکانمان ناکەین و گردبوونەوەکان دەست پێدەکەین و ماندەگرین گەر وەزارەت وەڵامی پێویستی نەبێت و زولمان لێبکات کەهیواخوازین هەرگیزنەگاتە ئەو قۆناغە..
زۆرسوپاس بۆ بەدەنگەوەهاتنمان.
لەگەڵ رێزدا..
دەستەی نوێنەرانی قوتابیانی گەراوە

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

مامۆستایانی ناڕازی هەڕەشەی بایکۆتی پڕۆسەی ساڵی نوێی خوێندن دەکەن

لەگەڵ نزیکبونەوەی دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان مامۆستایانی ناڕازی هۆشداری…