16/09/2019

هۆکاری تێک چونی رەنگی ددانەکان چیەو؟ چۆن بیپارێزین ؟

برادۆست لایف ستایل ـــ هەولێر

ددان سپیکردنەوە

– زۆر کەس هەیە کێشەی گەورەی دەو و ددانی لە ڕەنگی ددانەکانیدا دەبینیتەوە، مشکیلەی لەگەڵ شێوە و تەندروستیی ددانەکانیدا نییە، تەنها ڕەنگی لە لا گرینگە. ئینجا لێرە دەمەوێ بە کورتی ئاماژە بە بابەتی ڕەنگی ددانی بکەم.

– لە بنچینەدا ئەو بەشەی ددان کە لەناو دەو دیارە پێکهاتەکەی سێ چینە، دیوی دەرێی پێیدەڵێن (مینا enamel)، دیوی ناوەڕاستی پێیدەڵێن (عاج dentin), دیوی ناوێ پێیدەڵێن (دەمار pulp).
بە گشتی دیوی دەرێ (مینا) ڕەقترین بەشی ددان و لەشی ئینسانییە، چینەکی ڕەق و تەنک و ڕۆنە (شەفاف transparent)، ڕەنگی بنەخۆی دەداتەوە کە ئەویش (عاج)ەکەیە کە دووەم ڕەقترین پێکهاتەی لەشییە و ڕەنگی زیاتر بەرەو لای زەردی دەڕوا.
ئینجا مرۆڤ بە شێوەکی گشتی سروشتی ددانی بە لای ڕەنگی مەیلەو زەرد دا دەشکێتەوە، ئەوەی چینی (عاج)ەکەی ئەستوورتر بی ددانی زەردتر خۆی نیشان دەدات. لە ئافرەتان بە شێوەکی گشتی ددان سپیترە چونکە کەمێک ددانیان بچوکترە و (عاج)ەکەیان کەمترە.

– ددان زەرد دەبی بەهۆی خواردنی ڕەنگدار و نەشووشتنی ددانەکان، یان هێندێ جۆرە نەخۆشی زگماکی، یان بەکارهینانی هێندێ جۆری دەرمان لۆ نەخۆشییەک کە یەک لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی زەرد کردنی ددانە.

– ددان سپیکردنەوە بریتییە لە گۆڕینی ڕەنگی ددانەکەی لە ڕێگەی لابردنی ڕەنگی سەر ڕووی ددان و دەرهێنانی ڕەنگی ناو ددان بە هەندەک پێکهاتەی کیمیایی، کە لە ئەنجامدا ددانەکی سپیتر بەدەست دێت.

– جاریوا هەیە زەردبوونی ددانەکەی تەنێ ڕووی دەرێیە و بە شووشتن و پۆلیشکردنی ددانەکان لە لایەن پزیشکی ددان کێشەکە چارەسەر دەبی.

– جاریوایشە زەردبوونەکە چوویتە دیوی ناوەوەی ددانی و تێکەر بووە لەگەر پێکهاتەی ددانی، ئەوکات دەبی لە ڕێگەی (bleaching) بە مادەی (هایدرۆجین پیرۆکساید) لە ڕێگەی بەکارهینانی لایتی (لید LED) کە لەناو خەڵکی بە (سپیکردنەوە بە لێزەر) ناوەکەی باوە، سپی بکرێتەوە.

– سێتی سپیکردنەوەی ددان هەیە کە نەخۆش دەتانی لە ماڵێ بەکاری بینی بۆ ماوەکی کاتی، کە ددانەکانت سپی دەکاتەوە.

– مەعجونی سپیکردنەوەی ددانیش هەیە، بەڵام بەکارهینانی دەبێت بۆ ماوەکی کاتی بێت.

– سپیکردنەوەی ددان بەو ڕێگایانە کاتییە، واتا هەتا هەتایە ددانەکانت وەکی خۆیان سپی نامینێنەوە.

– لۆ ماوەکی کەم پاش سپیکردنەوەی ددانی، ددانەکان هەندەک هەستیار دەبن، ئەویش شتێکی ئاساییە و دواتر چاک دەبێت.

– ئەگەر بتەوێ ددانت هەمیشە سپی و جوان بی ئەوە دەبی ددانەکان ڕووپۆش بکرێن بە قەپێلکی ئیماکس (ڤینیر)، پێشترێ باسی ئەو قەپێلکەم کردییە لە پۆستەکانیدی، ئەویش هەتا هەتایی نییە و چەند ساڵ جارێۆ دەبێ بیگۆڕی. تێچووشی گرانە و هەموو کاتێک پێویست نییە.

– باشترین چارەسەر بۆ دەو و ددانەکی جوان و خاوێن، شووشتنی ڕێک و پێکە و بەکارهێنانی دەزووی ددانە و دوورکەوتنەوەیە لە جگارە و چای زۆر و قاوەی زۆر.

تەندروست بن.

د. ئەحمەد سەلیم خۆشناو.

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

رەشکە و چارەسەری نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا

رەشکە Nigella sativa و چارەسەری نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا Nigella sativa seeds treate Covid-19…