19/03/2020

دیوە تاریک و ترسناکەکەی ڤایرۆسی کۆرۆن…!!

برادۆست لایف ستایل – هەولێر

زۆر گرنگ: دیوە تاریک و ترسناکەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا..!

  • چی دەبێت ئەگەر پێکوتەکان کە ئێستا تاقیدەکرێنەوە سەرکەوتوو نەبوون یان کاریگەر نەبوون؟ ژمارەی توشبووان دەگات بە کوێ؟ نەخۆشی COVID-19 مرۆڤ بەرەو کوێ دەبات؟

زۆر زۆر گرنگە بەر بگیرێت بەو خێراییە ترسناکە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوەش تەنیا بە ڤاکسین دەکرێت، دەرکەوتووە جیاکردنەوەی کەسەکان یان خێزانەکان لەیەکتر (کوارەنتاین یان کەرەنتینەکردن) لەگەڵ ئەوەی زۆر زۆر گرنگە لە ئێستادا، بەڵام تەنیا تا ڕادەیەک لە خێرایی بڵاوبوونەوەکەی کەمدەکاتەوە بەتایبەتی ئەگەر زۆر بە توندی پەیڕەو بکرێت، بەڵام بەداخەوە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە سەدا سەد ناوەستێنێت…

کێشەی هەرە گەورەی ئەم ڤایرۆسە نوێیەی کۆرۆنا خێرایی بڵابوبوونەوەیەتی نەوەکو کوشندەیی ڤایرۆسەکە، هەر بۆ بەراوردیکردن خێرایی بڵاوبوونەوەی COVID-19 بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هەڵامەتی وەرزی FLU کە ئەویش جۆرێکە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەم جۆرەیە:

هەر توشبووێکی هەڵامەتی وەرزی 1.3 کەسی تر توش دەکات، بەڵام هەر توشبووێکی ئەم ڤایرۆسە نوێیەی کۆرۆنا تا ئێستا 2.2 کەسی توش کردووە، ئەمەش ترسناکە لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەوەی تێکڕای ڕێژەی کوشندەیی لە هەموو جیهان تا ئێستا بە پێی ئامارەکان 3.4% لە توشبووان بووە و لە هەندێک هەرێم و ناوچە کەمترە و لەهەندێکیان زۆرترە، لەنێو بەتەمەنەکان زۆرترە و لە کەسە گەنج و تەندروستەکان بە گشتی کەمترە لەو ڕێژە گشتیە، بەڵام بەهۆی خێرایی بڵاوبوونەوەی و بەرزبوونەوەی ڕۆژ بە ڕۆژی ژمارەی توشبووان ژمارەی قوربانیانیش هەر لەبەرزبوونەوەدا بووە…

ئەمە چی دەگەیەنێت؟

ڕێژە و خێرایی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ترسناکە، دەبێت بەر بگیرێت لەو ڕێژە زۆرە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، مانای ئەوەیە ئەگەر بە ڤاکسینێک ئەو ڕێژەیە کۆنترۆل نەکرێت، یاخود ڕێوشوێنی توند نەگیرێتە بەر هەر لە کەرەنتینەکردن و خۆپاراستنی کەسەکان ئەوا ژمارەی توشبووان لەزۆربەی کۆمەڵگاکان هەر لەزۆربوون دەبێت، چونکە هەر توشبووێک ئەگەری ئەوە هەیە لایەنی کەم دوو کەسی تر توش بکات…

لەبەر ئەوەی لوتکەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کەسێکی توشبوو بۆ کەسێکی ساغ چەند ڕۆژێک (تاوەکو پێنج ڕۆژ) بەر لە دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشیەکەیە تاوەکو هەفتەیەک دوای توشبوون، بۆیە تاوەکو ئێستاش کەرەنتینە کردنیش لە زۆربەی ووڵاتان سەدا سەد کاریگەر نەبووە، چونکە زۆربەی ئەوانەی بڵاویان کردۆتەوە کەسانی ئاسایی بوون کە هیچ نیشانەیەکی توشبوونیان تێدا نەبووە و نەیانزانیوە هەڵگری ڤایرۆسەکەن…

تەواوکردنی تاقیکردنەوەکان لەسەر کاریگەری و سەلامەتی پێکوتەکان یان ڤاکسینەکان لایەنی کەم شەش مانگ تاوەکو ساڵێکی دەوێت، ئەگەر ڤاکسینەکان سەرکەوتوو و کاریگەر نەبوون و تەنیا دژە ڤایرۆسەکان پەرە پێدران واتە مانەوە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوام دەبێت لەنێو کۆمەڵگاکان، چونکە لە ڕێگەی دژە ڤایرۆسەکان تەنیا دەتوانرێت توشبووان چارەسەر بکرێت، دژە ڤایرۆسەکان یان هەر دەرمانێکی تر جگە لە پێکوتەکان توشبوونی نوێ ناوەستێنن…

ئەم سیناریۆیەش دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەی توشبووان هەر لەبەرزبوونەوەدا بێت، لەئێستادا لە زۆربەی ووڵاتان لە ڕێگەی کەرەنتینەکردنی توند هەوڵ دەدردێت ڕێژەی توشبوون ئەگەر بەردەوامیش بێت زۆر بەخێرایی بەردەوام نەبێت، واتە ئەگەر کەسێکی توشبوو تەنیا یەک کەسی ساغ توش بکات ئەوا ژمارەی توشبووان هەروەکو خۆی دەمێنێتەوە و زۆرتر نابێت، بەم شێوەیەش دەتوانرێت مامەڵە لەگەڵ نەخۆشیەکەدا بکرێت و هەرەس بە سیستەمی تەندروستی نەیەت، لەهەندێک ووڵات لەگەڵ خراپی دۆخەکە لەسەرەتا بەڵام ئێستا توانراوە ئەوە بکرێت وەکو چین و کۆریای باشور، لەئێستادا لە هەندێک ووڵات وەکو ئیتاڵیا و ئێران و هەروەکو ووڵاتی چین لە سەرەتای بڵاوبوونەوەکە نەتوانرا ئەوە بکرێت، بۆیە لەم دۆخەدا ژمارەکە بۆ نمونە لە ئیتاڵیا و ئێران هەر بە بەردەوامی دوو بەرانبەر بەرز دەبێتەوە، ئەمەش ترسناکە…

ماوەی پتر لە هەفتەیەکە هەندێک ووڵاتی تریش وەکو ئیسپانیا و ئەڵمانیا و ئەمەریکا گەیشتوون بەم دۆخە ترسناکە و ژمارەی توشبووان لەجیاتی ئەوەی وەک خۆی بمێنێتەوە دوو بەرانبەر بەرزدەبێتەوە…

ئەگەر لەو ووڵاتانە ئەم دۆخە بەردەوام بێت ئەوا تاوەکو پێکوتەیەکی کاریگەر دەدۆزرێتەوە ژمارەی توشبووان و قوربانیان هەر بە خێرایی بەردەوام بەرز دەبێتەوە، دوریش نیە ووڵات و هەرێمی تریش بگەن بەو دۆخە ئەگەر ڕێوشوێنی زۆر توند نەگیرێتە بەر تیایاندا…

تا ئەو کاتەی پێکوتەیەکی کاریگەر بەردەست دەبێت یان گۆڕانکاریەکی ئەرێنی ڕوودەدات دەبێت چی بکرێت باشە بۆ ڕێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووان و قوربانیان؟

ڕاستیەکی تاڵە بەڵام زۆر گرنگە، تاوەکو ئەو کاتەی پێکوتەیەک بەردەست دەبێت یان ئەگەر، دیسان دەڵێم ئەگەر گۆڕانی وەرزی کاریگەری نەرێنی هەبوو لەسەر بڵاوبوونەوە، تا ئەو کاتە دەبێت کوارانتین کردن یان کەرەنتینە کردنێکی توند بگیرێتە بەر، ئەگینا لەبەر بڵاوبوونەوەی خێرای ئەو ڤایرۆسە لەکۆتاییدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی کۆمەڵگا توشی COVID-19 دەبن و بەداخەوە ئەگەر بەو ئاڕاستەیە بڕوات ژمارەی قوربانیانیش لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی توشبووان بەرزدەبێتەوە…

مرۆڤ لە ئێستادا ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی جیهانی دەبێتەوە لەدوای جەنگی جیهانی دووەم، بەردەوامبوونی دۆخی زۆربوونی خێرا لە بڵاوبوونەوەی COVID-19 جگە لە کەوتنەوەی قوربانی و ترس و دڵەڕاوکێ، زیانێکی ئابووری قورسیش لەهەموو کۆمەڵگاکان دەدات، دور نیە کورتهێنان لەبەرهەمی خۆراکی و پێداویستیە سەرەکیەکان لە زۆربەی جیهان دروست ببێت، بەداخەوە لەخراپترین دۆخدا دور نیە ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئاسایش لەنێو کۆمەڵگاکانیش دروست بکات…

لوقمان حەوێز

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

رەشکە و چارەسەری نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا

رەشکە Nigella sativa و چارەسەری نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا Nigella sativa seeds treate Covid-19…