26/03/2020

زانایه‌كی براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ: كۆرۆنا زوو كۆتاییپێدێت

خەندان

تەندروستی

توێژه‌ر و كیمیاگه‌رێك كه‌ خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵ-ه و هه‌ر ئه‌ویش سه‌باره‌ت به‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی كۆرۆنا له‌ چین هۆشداریدابو‌، پێشبینیده‌كات په‌تای كۆڤید-19 زو كۆتایی پێبێت.

رۆژنامه‌ی لۆس ئانجڵس تایمز-ی ئه‌مریكی رایگه‌یاندوه‌، مایكڵ لێڤیت، زانا له‌ بواری زانستی كیمیا له‌ زانكۆی ستانفۆرد، كه‌ له‌ هه‌مانكاتدا خه‌ڵاتی نۆبڵ-یش به‌ده‌ستهێناوه‌ سه‌باره‌ت به‌ په‌تای كۆڤی-19 ده‌ڵێت “ده‌زانم كه‌ هه‌مو شتێك باش ده‌بێت” و پێشبینیده‌كات زو په‌تاكه‌ كۆتاییبێت.

به‌پێی داتاكانی ئێستا پێشبینییه‌كانی زۆر نزیكن له‌ راستییه‌وه‌

لێڤیت پێشتر و له‌ سه‌ره‌تای مانگی شوبات-ی ئه‌مساڵدا پێشبینییه‌كانی خۆی سه‌باره‌ت به‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ وڵاتی چین راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبو له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا ته‌شه‌نه‌سه‌ندنه‌كه‌ كۆتاییدێت و وتی “ژماره‌ی مردوان به‌هۆی په‌تاكه‌وه‌ له‌ چین ده‌گاته‌ سێ هه‌زار و 250 كه‌س، ژماره‌ی توشبوانیش ده‌گاته‌ سه‌رو 80 هه‌زار حاڵه‌ت”، كه‌ به‌پێی داتاكانی ئێستا ئه‌و ژمارانه‌ زۆر نزیكن له‌ راستییه‌وه‌، كه‌ تا ئێستا 81 هه‌زار توشبو له‌ چین هه‌یه‌ و سێ هه‌زار و 200 كه‌سیش گیانیانله‌ده‌ستداوه‌”.

ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا گرنگه‌، كۆنترۆڵكردنی ترس و پشێوییه‌

به‌گوێره‌ی پێشبینییه‌كانی ئه‌و زانایه‌، ڤایرۆسی كۆرۆنا و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی زو كۆتاییپێدێت و له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ خاوبونه‌وه‌ی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات و به‌ ئاڕاسته‌ی وڵاتانی دیكه‌ی جیهان ده‌ڕوات، ده‌شڵێت “ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا گرنگه‌، كۆنترۆڵكردنی ترس و پشێوییه‌”.

له‌و شوێنانه‌ی مرۆڤه‌كان مه‌ودای نێوان یه‌كدی ده‌پارێزن، ڤایرۆسه‌كه‌ به‌ زوترینكات كۆتاییپێدێت

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ژماره‌یه‌كی دیكه‌ له‌ توێژه‌ران و شاره‌زایانی په‌تا گوازراوه‌كان پێشبینیده‌كه‌ن په‌تاكه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌د مانگێك درێژه‌ بكێشێت، به‌ڵام لێڤیت پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچونانه‌ پێیوایه‌ “به تایبه‌تی له‌و شوێنانه‌ی مرۆڤه‌كان مه‌ودای نێوان یه‌كدی ده‌پارێزن، ڤایرۆسه‌كه‌ به‌ زوترینكات كۆتاییپێدێت”.

ڤایرۆسه‌كه‌ لاوازده‌بێت و نیشانه‌كانی ورده‌ ورده‌ كه‌مده‌بنه‌وه‌

ژماره‌یه‌كی دیكه‌ له‌ شاره‌زایان و زانایان وه‌ك سێرگی كیسیڵیۆڤ، به‌ڕێوه‌به‌ری تاقیگه‌ی ته‌كنیكه‌كانی خانه‌ له‌ په‌یمانگه‌ی بافڵۆڤ تایبه‌ت به‌ زانستی بۆماوه‌یی هاوڕان له‌گه‌ڵ لێڤیت،  كیسیڵیۆڤ له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات “ڤایرۆسه‌كه‌ لاوازده‌بێت و نیشانه‌كانی ورده‌ ورده‌ كه‌مده‌بنه‌وه‌ و هێزیان نامێنێت”.

هه‌مو نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسیی سنورێك و ماوه‌یه‌كی كاتی هه‌یه‌

هاوكات دكتۆر ئالێكسانده‌ر میاسنكیۆڤ، كه‌ یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ توێژه‌ران ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات “هه‌مو نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسیی سنورێك و ماوه‌یه‌كی كاتی هه‌یه‌، به‌ ته‌واوبونی ئه‌و كاته‌ دیاریكراوه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌مرێت و كاریگه‌ریی نامێنێت”.

تا ئێستا له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان 446 هه‌زار و 789 حاڵه‌تی توشبون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا هه‌یه‌، ژماره‌ی ئه‌و توشبوانه‌ی گیانیان سپاردوه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ 19 هه‌زار و 808 حاڵه‌ت، له‌ به‌رامبه‌ریشدا رێژه‌ی چاكبونه‌وه‌ی توشبوان له‌ هه‌لكشاندایه‌ و 112 هه‌زار و 58 توشبو په‌تاكه‌یان په‌ڕاندوه‌.

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

رەشکە و چارەسەری نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا

رەشکە Nigella sativa و چارەسەری نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا Nigella sativa seeds treate Covid-19…