17/03/2019

دەتەوێ خودا خۆشی بوێی؟ ئارامبگرە

خوای گەورە ژیانی دونیای بۆ تاقیكردنەوەی بەندەكانی دروست كردووە تاوەكو چاكەكار و خراپەكار ‏لەیەكتر جیاببنەوەو لە ڕۆژی قیامەتیشدا هەركەس بە پێی كردەوەی خۆی پاداشت وەربگرێت.‏
نابێت هیچ كەسیكی ژیر لەم دونیایەدا چاوەڕوانی ژیانێكی تەواو خۆش و بێكێشە بكات، چونكە خوا ‏بەڵێنی تاقیكردنەوەی بەندەكانی داوە لەڕێگەی بەڵا و موسیبەتەكانەوە و خواش بەڵێنی خۆی ‏ناشكێنێت و دەیباتەسەر، هەروەكو لەقورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی: ‏ [وَلَنَبْلُوَنَّكُمْ حَتَّى نَعْلَمَ الْمُجَاهِدِينَ مِنْكُمْ وَالصَّابِرِينَ] (محمد: 31)‏واتە: سوێند بە خوا تاقیتان دەكەینەوە تاوەكو تێكۆشەران و ئارامگرەكانتان بزانین و لە دونیادا ئاشكرابن.هەروەها فەرموویەتی‏: [ الَّذِي خَلَقَ الْمَوْتَ وَالْحَيَاةَ لِيَبْلُوَكُمْ أَيُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلاً] (الملك: 2).‏
واتە: پەروەردگار مردن و ژیانی دروستكردووە بۆ ئەوەی تاقیتان بكاتەوە كامتان كردەوەی چاكترە؟.‏
كەواتە تا لە دونیادابیت بەڵا و ناخۆشیت دێتە سەرڕێ.

* تاقیكردنەوەت بە پێی باوەڕەكەتە
پرسیار كرا لە پێغەمبەری خوا (د.خ) -: ‏” أَيُّ النَّاسِ أَشَدُّ بَلَاءً؟ ” ‏ واتە: كێ‌ لەناو خەڵكیدا ‏بەڵای لە هەمووی قورسترە؟ ئەویش فەرمووی: “الْأَنْبِيَاءُ ثُمَّ الْأَمْثَلُ فَالْأَمْثَلُ فَيُبْتَلَى الرَّجُلُ عَلَى حَسَبِ دِينِهِ فَإِنْ كَانَ دِينُهُ صُلْبًا اشْتَدَّ بَلَاؤُهُ وَإِنْ كَانَ فِي دِينِهِ ڕقَّةٌ ابْتُلِيَ عَلَى ‏حَسَبِ دِينِهِ “.(رواه ابن ماجه وصححه الألباني).‏
واتە: پێغەمبەران پاشان پیاوچاكان (بە پێی پلەیان)، پیاو (هەروەها ژنیش) بە پێی بڕواکەی تاقی ‏دەكرێتەوە، ئەگەر بڕوای پتەو بێت ئەوا بەڵای قورستر دەبێت، ئەگەریش بڕواکەی لاوازی تێدابێت ئەوا بە گوێرەی ئەوە تاقی دەكرێتەوە.‏
‏ * لە پێش دابەزینی بەڵا و موسیبەت چی دەكەیت؟‏
‏ پێش دابەزینی بەڵا داوای سەلامەتی و لەشساغی لە خوای گەورە بكە، و نەكەی وەكو ئەو كەسانە بیت كە ‏خۆزگە دەخوازن بەڵایان بەسەردا بێت، چونكە تۆ نازانیت ئایا لەو كاتەدا ئارام دەگریت یاخود پەنا بە خوا ‏هەڵدەگەڕێیتەوە لە ئاینەكەت و كوفر دەكەیت.‏
* لە پاش دابەزینی بەڵا و موسیبەت چی دەكەیت؟
لێرەدا مەبەستمان لە بەڵا و موسیبەت هەموو ناخۆشیەكە كە بەسەر مرۆڤدا دێت لە نەخۆشی، مردنی ‏خۆشەویستان، خەم و خەفەت و بێتاقەتی و…. هتد
* لە كاتی توشبوون بە بەڵا
أ-زۆر دوعا بكە و لە خوای گەورە بپاڕێرەوە، و بزانە كە كەس توانای لابردن و سووككردنی ئەو ‏ناخۆشیەی نیە كە بەسەرتدا هاتووە جگە لە خوا،وە هەر ئەویشە وەڵامی پاڕانەوە دەداتەوە و بەهانای ‏لێقەوماوەنەوە دێت، هەروەكو فەرموویەتی:‏ [وَقَالَ رَبُّكُمْ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ] (غافر: 60).‏
واتە: پەروەردگارتان فەرموویەتی لێم بپاڕێنەوە وەڵامتان دەدەمەوە.‏
‏ ب-ئارام بگرە ” صبر “، واتە: زمان و ئەندامەكانی تری لاشەت بگریت و بپارێزیت لە توڕەبوون و بێزاری ‏دەربڕین لەو ناخۆشیەی كە تووشت بووە.‏
بۆ ئەوەی ئارام گرتنیشت لەسەر ئاسان بێت بیر لەم شتانە بكەرەوە:‏
‏١. ئەگەر ئارام نەگریت چی دەكەیت ؟
هیچ شتێكت پێناكرێت جگە لە ناشوكری و خۆ تاوانباركردن چونكە هەموو شتێك بەدەستی ئەو خوایەیە ‏كە ئەو ناخۆشیەی بەسەردا هێناویت.‏
‏٢. بیر لە پاداشتی ئارامگرەكان بكەرەوە:‏
پێغەمبەری خوا – صلی اللە علیە وسلم – فەرموویەتی:‏” مَا مِنْ مُصِيبَةٍ تُصِيبُ الْمُسْلِمَ إِلَّا كَفَّرَ اللَّهُ بِهَا عَنْهُ حَتَّى الشَّوْكَةِ يُشَاكُهَا ” (البخاري: 5640).‏
واتە: هەر موسیبەتێك تووشی موسڵمان ببێت ئیللا خوا بە هۆیەوە لە تاوانەكانی دەسڕێتەوە هەتا ئەگەر ‏دڕكێكیش بچێت بە لەشیدا.‏
‏٣. لەوانەیە پلەیەكت بۆ دانرابێت لە لای خوای گەورە بەو بەڵایە نەبێت پێی نەگەیت، وەكو پێغەبەری خوا ‏‏– صلی اللە علیە وسلم – فەرموویەتی: ‏” إِنَّ الرَّجُلَ لَتَكُونُ لَهُ الدَّرَجَةُ عِنْدَ اللَّهِ لا يبلغها بِعَمَل حَتَّى يُبْتَلَى بِبلاء في جسمِهِ فَيَبْلُغُهَا بِذَلِكَ ” (حسن / ابن حبان: 2908) ‏‏. ‏
واتە: بێگومان پیاوی واهەیە پلەیەكی بۆ دانراوە لە لای خوا بە كردەوە پێی ناگات تاوەكو تووش دەبێت بە ‏بەڵایەك لە جەستەیدا، جا خوا بە هۆی ئەو بەڵایەوە دەیگەیەنێت بەو پلەیە.‏
‏٤. ئەو بەڵایەی بەسەر تۆدا هاتووە سوكترە لە بەڵای كەسانی تری دەوروبەرت، جا بۆیە سوپاسی خوا بكە ‏كە بە گەورەتر تووشی نەكردوویت.‏
‏٥. بزانە ئەو ناخۆشیەی تووشت هاتووە ماوەیەكی كەمە و لادەچێت بە ویستی خوا سبحانە، جا بۆیە هەوڵا ‏بدە ئەو ماوە كەمە بە جوانی بەڕێ‌ بكەیت و ببیتە یەكێك لە ئارامگرەكان.‏
‏٦. ئەو ناخۆشیانەی كە بەسەر موسڵماندا دێت لە دونیادا بۆ سڕینەوەی تاوانەكانی و پلە‏‎ ‎بەرزكردنەوەیەتی‎ ‎، جا وریابە.‏
‏٧. ئەو موسڵمانانەی تووشی بەڵا دەبن خوای گەورە خۆشی دەوێن – إن شا‌ء الله -، چونكە پێغەمبەری خوا ‏‏– صلی الله علیە وسلم – فەرموویەتی:‏” إِنَّ اللهَ إِذَا أَحَبَّ قَوْمًا ابْتَلَاهُمْ ” (أخرجه الترمذي وحسنه الألباني) ‏
واتە: ئەگەر خوا گەلێكی خۆش بوێت تاقیان دەكاتەوە ‏
لە کۆتایدا دەڵێم ئارام گرتن قورسه بەڵام خودا پاداشتی بێ سنوری بۆ داناوە و دەفەرموێت
إِنَّمَا يُوَفَّى الصَّابِرُونَ أَجْرَهُم بِغَيْرِ حِسَابٍ
ئەوکەسانەی ئارام دەگرن پاداشتێکی بێژماریان ھەیە لای خوا،کەواتە با ئارام بگرین چونکە خوا ئارام گرانى خۆشدەوێت[واللهِ يُحِبُ الصٰبِرِينْ](آل عمران:60).

ئامادەکردن: مامۆستا بەشیر پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی مجێسەر

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

یونس راوی: ئیمام حسێن بە دەستى سەلەفیزم سەربڕا

ئیمام حسێن بە دەستى سەلەفیزم –ئایینى بەنى ئومەییە- سەربڕا. لەتەک شەهید کردنى پێنج لە براکا…