08/02/2019

ژیان لێرە…!

برادۆست میدیا

ژیان لێرە…!

ژیان لێرە بە کەڵکی هیچ نایەت من بە ڕۆح و دڵ بێ پەنام

ویستم سەرهەڵگرم ، دیسان لەنیوەی ڕێگا بە تەنها جێ مام

نەمن گەیشتم بەو وێستگەی ویستم نە ئەشتوانم بگەڕێمەوە

وەک منداڵێکی بێ دایک بڕیارە بە دوای هەنگاوەکانت بێمەوە

لێرە نیت ، تاکو شیعرێک بە دەوری باڵاتا ناسک ناسک بهۆنم

ژیان لێرە کابوسێکە و بەس ،هەر مەپرسە بێ تۆ من چۆنم .؟

سەحەرێک هاتم تا بەردەم هەوارەکەت ،تا پێت بڵێم ؛ مەڕۆ

مامەوە بە دڵێکی ورد و خاش ،بەخەیاڵتا نەهات جارێک تۆ!

ڕاستە بە جەستە لێم نزیکی ، بە ڕۆح نازانی چەندە دووری

هەر ڕۆژ ئەتبینم ئەما بۆ شیوەن وماتەمم نەبوویتە سەبووری

ئەبیت بە سەربازی ئەرمەن و ڕۆمی!؟وا بە حەسرەت ئەڕۆی

دووبارە مەیلت لە هیجرانە، بڕوام پێ بکە ژیان لێرە هەر تۆی

لێرە بی یا نا قەڵەمم تەرخان کردووە بنوسێ لە دەوری باڵات

جاران بۆ بیرەوەری و دیدارت،ئەمجارەیان بۆ بەختی نەهات

لێرە ژیان تام و بۆی نییە ، ساردە ولە دەروونم سەهۆڵبەندانە

سەراپا نامۆیی خەوێکی وەنەوشەیی بوو یاداشتی ئەم ژیانە

ڕۆشتی و نەگەڕایتەوە، من لە تاو هیجرت جۆرێک پەشۆکاوم

دڵنیابە ڕۆژێ دێ لەچاوانتا بە فرمێسک ڕووباری نیلم کانیاوم

ژیان لێرە خاڵییە لە ڕۆح و مانا، تاکەی وەک شێت هەر بڵێم؛

تۆ بۆ من ژیانی ، بەڵام هێندەی ئەکەم نازانم من بۆ تۆ کێم !؟

لە هەر کوێی ئەم جیهانەدا بیت ،بۆ مەرگیش بێ بەدواتا دێم

هیچە لام ،گەر لە پێناوت من لە دەریاکەی ئیجەشدا بخنکێم

کە مردم وەسیەت بێ بمهاوێژنە “ئیجە”وە هەرگیز مەمنێژن

بە دیار پەیکەری مردوانەوە ،بەسە چیتر فرمێسک مەڕێژن.!

 

کچە هۆزانڤان: سارا خاتوون

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

من کوردم

من کوردێکم هەژاری شەکەتی کردوم سەری خۆم هەڵگردت و دوور ڕۆیشتم دوور دوور …… بۆ …