19/06/2020

سیستمی سیاسی جیهان بەرەو کوێ؟

فرانسیس فۆکۆیاما

ڕووداوی ھێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر، بەرھەمەکەی دوو دەستێوەردانی شکستخواردوووی ئەمه‌ریکا، بەھێزبوونی ئێران، سەرھەڵدانی ئیسلامی ڕادیکاڵ بوون، بە شێوەی نوێ. تەنگژە داراییەکەی ٢٠٠٨ بریتی بوو لە سەرھەڵدانی پۆپۆلیزمی دژە داودەزگا کە لە زۆر وڵاتدا دەسەڵاتیان گرتە دەست.
مێژووناسانی داھاتوویش بەھەمانشێوە چەندان ڕووداو دەستنیشان دەکەن کە بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناڤایرۆس بە ئەبجام  دەگەن، بە تێپەڕبوونی کات ئەوان لێیان تێدەگەن کە ئەمانە ئەنجامەکانن.

شوێنەوارە سیاسییەکانیشی زۆر بەرچاوتر دەبن، لەوانەیە وا بکات خەڵکانێکی زۆر بۆ ماوەیەک پێکەوە قوربانی بدەن، بەڵام بۆ ھەتایی نا

لە ئێسته‌وە دیارە کە بۆچی ھەندێک وڵات کاراترن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پەتایە و ھەندێک نا؟ ھەموو ئەو هۆکارانە لەبەرچاومانە کە ئەو مۆدێلە سەرکەوتووانە بەردەوام دەبن.

ئەوە پێوەندی بە جۆری ڕژێمەوە نییە. ھەندێک لە وڵاتە دیموکراسییەکان سەرکەوتووبوون و ھەندێک نەخێر. ھەمان شتیش بۆ ئۆتۆکراسییەکان دروستە. ھۆی سەرکەوتن لە مامەڵەکردن لەگەڵ پەتای کۆرۆنا، توانای دەوڵەت و متمانەی کۆمەڵاتی و سەرکردایەتیکردنە. ھەر وڵاتێک خاوەن ئەو سێیانە بێت داودەزگای بەھێزی دەوڵەتی، حکوومەتێک خەڵکەکەی متمانەی پێ بکات و گوێی لێبگرێ، لەگەڵ سەرکردەی کارا، توانیوویەتی سنوور بۆ زیانەکانی ڤایرۆسەکە دابنێ. وڵاتی سیستم خراپ، کۆمەڵگای دابەشبوو، سەرکردایەتی لاواز، ئەوانە خراپیان بەسەر ھاتووە و ھاووڵاتی و ئابوورییان کەوتوونەتە بەر ھەڕەشە.
چەند زیاتر لەسەر کۆڕۆنا ڤایرۆس، کۆڤید ١٩ بزانین، تێدەگەین تەنگژەکەی درێژە دەکێشێت و بە ساڵ و چەند مانگێک کۆتایی نایەت.  ڤایرۆسەکە کەمتر بکوژە لەوەی لێی ترساین، بەڵام بڵاوبوونەوەی لەناو خەڵکدا زۆر بەھێزە، بە زۆریش بێ دەرخستنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە، دەگوێزرێتەوە.

ئیبۆلا زۆر بکوژ بوو، بەڵام گواستنەوەی ئاسان نەبوو، قوربانییەکە بەخێرایی دەمرد بەر لەوەی بیگەیەنێتە کەسی تر. به‌ڵام کۆڤید١٩ پێچەوانەیە،  ئەمە مانای ئەوەیە وا دەکات خەڵک زۆر بە ڕژدی وەرینەگرن و بەم شێوەیە بە بەردەوامی دەگوازرێتەوە، دەبێتە ھۆی مردنی زۆر.
کاتێک نییە کە وڵاتان بتوانن سەرکەوتن بەسەر نەخۆشییەکەدا ڕابگەیەنن، بەڵکو ئابورییەکان بە ھێواشی و کاتی دەکرێنەوە، لە کاتێکدا بەھۆی شەپۆلە زنجیرەییەکانی بڵاوبوونەوەی پەتایەکە پێشکەوتنیان ڕاوەستا. ھیوا بۆ چاکبوونەوەی شێوەی – ڤی ھەیە و لە ئاسۆدایە. زیاتر ئەگەری شێوەی ئێڵ ھەیە لەگەڵ کلکێکی  ڕوو لە سەرەوە، یاخۆ دەبڵیو بە زنجیرە. ئابووری جیھان بە ھیچ جۆرێک بەخێرایی ناگەڕێتەوە بارودۆخی پێش کۆڤید ١٩ .
لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەو تەنگژە گنخاوە مانای داڕمانی پرۆژە بازرگانییەکانە، وێرانبوونی پیشەسازییە، وەک مۆڵەکان، تاکفرۆشەکان، گەشت. ئاستی بازاڕەکان لە ئەمه‌ریکا کە تەوەری سەرەکی ئابووری دەیان ساڵ بوو و بە سستی گەشەی دەکرد، ئەم  پەتایە ھێشتا سستتری دەکات . تەنیا کۆمپانیا گەورەکان کە سەرمایەیەکی زۆریان ھەیە دەتوانن دەرباز ببن، کۆمپانیاکانی بواری تەکنۆلۆجیای گەورە لە ھەمووان باشتر دەبن، چونکە پێوەندی تەکنه‌لۆجیایی لە ھەموو سەردەمێک پتر گرنگی  دەبێ.
شوێنەوارە سیاسییەکانیشی زۆر بەرچاوتر دەبن، لەوانەیە وا بکات خەڵکانێکی زۆر بۆ ماوەیەک پێکەوە قوربانی بدەن، بەڵام بۆ ھەتایی نا. ئەو پەتایە کە بۆ ماوەیەکی زۆرە پاڵی لێداوەتەوە لەگەڵ خۆیدا بێکاری، سستی بەردەوام، کەڵەکەبوونی پێشبینی نەکراوی قەرزی لەگەڵ خۆیدا ھێناوە، ئەمە ھەمووی گرژی دروست دەکات و دەبێتە ھۆی کاردانەوەی سیاسی، دژ بە کێ؟ جارێ دیار نییە.
سووڕانەوەی ھێز لە جیھاندا، زیاتر بەرەو ڕۆژھەڵات دەبێ. چونکە ڕۆژھەڵاتی ئاسیا توانیوویەتی مامەڵەیەکی باشتر لەگەڵ نەخۆشییەکە بکات وەک لە ئەوروپا و ئەمه‌ریکا. ھەرچەند لە سەرەتادا نەخۆشییەکە لە چین سەری ھەڵدا و پەکین پەردەپۆشی کرد و لێگەڕا بڵاو ببێتەوە، بەڵام بۆ ماوەیەکی کاتی پەکین ھەندێک سوود لەم تەنگژەیە دەبینێ.
ھەروەک، لە زۆربەی وڵاتان وابوو، حکوومەتەکان سەرکەوتوو نەبوون لە زوو بەڕێوەبردنی پەتاکە و دایاندەپۆشی، زیانی زۆریان بە ھاووڵاتییانیان گەیاند. ھیچ نەبێ پەکین توانی زوو جڵەوەکەی بگرێتە دەست و بپەڕێتەوە بۆ قۆناغی دووەمی بەرەنگارییەکە کە ھەستانەوەی ئابوورییە، تا بەخێرایی جڵەوی بکاتەوە و تەنانەت بە شێوەیەکی پتەویش.
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا، نەزانانە کارەکەی کرد و بەشێوەیەکی بەرچاو شکۆی دابەزی.  ئەمه‌ریکا توانایەکی گەورەی داودەزگایی ھەیە لەم ڕووەوە، لە کاتی سەرھەڵدانی پەتا لە پێشووتردا، ڕووبەڕووبوونەوەکەی جێی سەرسامی بووە، بەڵام ئەمجارە بەھۆی دابەشبوونی کۆمەڵگای ئەمه‌ریکاییەوە و ھەروەھا بەھۆی ناکارایی سەرکردەکانییەوە، لێنەگەڕان وڵاتەکە وەڵامی کاریگەری ھەبێ بۆ تەنگژەکە. سەرۆک ھانی دابەشبوونی دا وەک لە یەکگرتوویی. دابەشکردنی ھاوکاری بە سیاسی کرد، بەرپرسیارێتی خستە ئەستۆی حاکمی ویلایەتەکان تا بڕیاری سەرەکی بدەن لە ھەمانکاتدا خۆپیشاندەرانی دژیان ھاندا لە پرسی نەپاراستنی تەندروستی گشتی، لە باتی تەیارکردنی داودەزگا نێودەوڵەتییەکان ھێرشی کردە سەریان. به‌ڵام خەڵکی تیڤی ھەیە، سەیری دەکات، سەرسامبوون بەوەی چین چۆن وا زوو ھەستایەوە سەرپێ و بەراوردەکەیش ڕوونە.
لە ماوەی چەند ساڵێکی داھاتوودا، لەوانەیە ئەمه‌ریکا بەھۆی ئەم تەنگژەیەوە نیمچە پاشەکشەیەک بە خۆیەوە ببینێ، داخوورانی بەردەوامی داودەزگا لیبراڵە نێودەوڵەتییەکان ھەروەھا یاخیبوونی فاشیزم لە شوێنەکانی جیھان. لەوانەیە ببێتە ھۆی لە دایکبوونەوەی سیستمی لیبراڵ دیموکراسی، ئەو سیستمەی کە جێی مشتومڕ و گومان بووە زۆرجار و توانای خۆگری و ئامادەیی بۆ نوێبوونەوە بە شێوەیەکی سەرسووڕھێنەر نیشان داوە. سەرەتاکانی ھەردوو دیدگاکە لە زۆر شوێن دەردەکەوێ.

بەداخەوە، تا گۆڕانکاری ئەو ئاراستانەی کە لە ئارادان ھێندە خێرا بن، پێشبینیکردنی داھاتوو تەماوییە.

تەنانەت لە دڵی ئەوروپاشدا لە باتی ئەوەی وڵاتەکان بۆ بەرژوەندی ھاوبەش ھاوکاری بکەن، بۆ ناوەوەی خۆیان کشانەوە و دەستیان بە کێشمە کێش کرد

سەرھەڵدانی فاشیزم

ئەنجامە ناخۆشەکان پێشبینیکردنیان ئاسانە، نەژادپەروەری، گۆشەگیری، دژایەتی بیانی، ھێرشکردنی سەر سیستمی لیبراڵی جیھان بۆ چەندان ساڵ بەردەوام بوو. ئەم ئاراستەیەش بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتاکە خێراتر دەبێ. حکوومەتەکانی ھەنگاریا و فلیپین پەتاکەیان بەکارھێنا تا دەسەڵاتی فریاگوزاری بدەن بە خۆیان، ئەمەش زیاتر لە دیموکراسییەتی دوور خستنەوە. زۆر وڵاتی تریش له‌ناویاندا چین و سلڤادۆر و ئۆگەندا، ھەمان ڕێوشوێنیان گرتە بەر. لە بەردەم بزاوتی خەڵکدا لە ھەموو جێیەک بەربەست پەیدابوو. تەنانەت لە دڵی ئەوروپاشدا لە باتی ئەوەی وڵاتەکان بۆ بەرژوەندی ھاوبەش ھاوکاری بکەن، بۆ ناوەوەی خۆیان کشانەوە و دەستیان بە کێشمە کێش کرد لەگەڵ یەکدا، ڕکابەرە سیاسییەکەیان کرد بە قۆچی قوربانی لەپێناوی داپۆشینی شکستی خۆیان.
بەرزبوونەوەی ئاستی نەژادپەروەری کاریگەری دەبێ لەسەر ململانێی نێوەدەوڵەتی. سەرکردەکان لەوانەیە خۆیان بە شەڕکردن لەگەڵ دوژمنی بیانی خەریک بکەن بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک لە ناوخۆدا، یان لەوانەیە لاوازی یان سەرقاڵی نەیارەکەیان یاخۆ پەتاکە بقۆزنەوە بۆ دروستکردنی ناجێگیری لە ناوخۆ یان دروستکردنی بارودۆخی نوێ. ھێشتایش، بەھۆی بوونی ئەو ھێزە نیوکلیارییانەی کە سەقامگیریی دروست دەکەن و بوونی ھەڕەشەی ھاوبەش لەسەر ھەر ھەموو گەورە ھێزەکان، ئەگەری شەڕ و ململانێی ناوخۆیی زۆر لە ئارادایە وەک لە نێوەدەوڵەتی.
وڵاتە ھەژارەکان کە شاری قەرەباڵغ و سیستمی تەندروستی لاوازیان ھەیە، زیانی زۆریان بەردەکەوێ. نەک لەیەک دوورکەوتنەوەی خەڵک بەڵکو پاککەرەوەیەکی ئاسایی دەستشووشتنیش سەختە لەو وڵاتانەی کە ئاوی پاکیان نییە. لە زۆر لەو وڵاتانەیش حکوومەت لە باتی شتەکان چاک بکات خراپتری دەکات، چ بە پلان یان بە ھاندانی گرژی کۆمەڵایەتی یاخۆ ھەر بە نەشارەزایی. بۆ نموونە ھیندستان، بارودۆخەکەی خراپتر کرد بە بڕیاردان بە قەدەغەی گشتی بە بێ بیرکردنەوە لەوەی داخوا ئەو دەیان ملیۆن کۆچبەرەی خزاونەتە شارە قەرەباڵغەکان بۆ کار، چی بکەن بۆ حاڵی خۆیان؟ ھەندێک چوونەتەوە گوندەکانیان و ڤایرۆسەکەیان لە سەرانسەری وڵاتەکە بڵاوکردووەتەوە. ھەر لە سەرەتاوە کە حکوومەت پلانی خۆی دەست پێ کرد و سنووری بۆ ھاتووچۆ دانا، ژمارەیەکی زۆر خۆیان بە بێکاری و بێماڵی و بێچارەیی لە ناو شارەکان دۆزییەوە.
بەھۆی گۆڕانی کەشوھەواوە، ڕاگوێزرانێکی زۆر لە بەشی باشووری زەوی دروست بووە، بووەته‌ بەھۆی سەرھەڵدان و تیربوونی گەلێک تەنگژە، پەتاکەیش ھاتووە ئەو تەنگژانەی خۆی دروستی دەکات، بخاتە سەریان، ئه‌وه‌ وایکردووە خەڵکێکی زۆری وڵاتانی ڕوو لە گەشەکردن بگەنە لێواری تەنیا مانەوە لە ژیان. ھەروەھا، ئەو پەتایە خەونی سەتان ملیۆن خەڵکی وڵاتە ھەژارەکانی لە گۆڕنا کە پشتییان بە دوو دەیە گەشەکردنی جێگیری ئابووری جیھان بەستبوو. تووڕەیی میلی ڕوو لە زیادی دەکات، به‌ڵام تێکشکانی خەونەکانی ھاووڵاتییان، بابەتێکی کلاسیکە بۆ شۆڕشکردن.
بێچارەکان ھەوڵدەدەن کۆچ بکەن، سەرکردە دیماگۆکەکان ھەوڵ دەدەن سوود لە دەرفەت وەربگرن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، سیاسەتکارە گەندەڵەکان ھەوڵ دەدەن تا دەتوانن بدزن، زۆر حکوومەت یان سەرکوتکاری دەکات یاخۆ ھەرەس دێنێ. شەپۆلی نوێی ھەوڵی کۆچبەریی، لە باشووری زەوییەوە بۆ باکور، بە توندتر وەڵامی دەدرێتەوە و بەری لێ دەگیرێ. زۆر بە ئاسانی ئەمجارە کۆچبەران بە ھێنانی ئاژاوە و نەخۆشیش تاوانبار دەکرێن.
لە کۆتاییدا، دەرکەوتنی ئەوەی پێی دەوترێ “قازە ڕەشەکان” لەوانەیە پێشبینی نەکراوبێ، بەڵام ڕووانینی مرۆڤ بۆ ئەولاتر دەڕوات. ژیان لە سەردەمی پەتاکە، دیدی لەسەر ئاخرزەمان، نەریتی ئاینی و بیروڕای نوێ لەسەر ئاین، سەری ھەڵدا. ئەمانە ھەمووی لە چواردەوری نیگەرانییە گەورەکەدا بوون کە بەھۆی درێژەکێشانی ڕۆژە سەختەکانەوە بوو. راستییه‌كه‌ی فاشیزم، ڕەنگە وەک یەکێک لەو نەریتە ئاینییانە بێ کە سەریھەڵدا بەھۆی ئەو توبدوتیژی و ناجێگیرییەی لە ئەنجامی شەڕی یەکەمی جیھان و پاش شەڕەکە، بەرھەم ھات.
تیۆری پیلانگێڕی بەکارھات بۆ بەرەپێدانی لە ھەندێک ناوچەی وەک ڕۆژھەڵاتی ناوەند کە تێیاندا خەڵکی ئاسایی لاواز و بێچارە و بێ نوێنەر بوون. ئێسته‌ بە بەربڵاوی بەسەر وڵاتانی دەوڵەمەنددا بڵاو بوونەتەوە و بەھۆی ژینگەی میدیایی تێکشکاو بەھۆی ئینتەرنێت و سۆشیاڵ میدیاوە کە پۆپۆلیستەکان بۆ بەرژوەندی خۆیان بەکاری دێنن و گرفتی درێژخایەن باشترین بابەتە بۆیان.

هەروەک هەژانێکی دەرەکی سەیر دەکرێ کە شەنگبوونی سیستمێکی سیاسی دژە گۆڕان خاو بکرێتەوە و بارودۆخ بڕەخسێ بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و سیستمێکی شایستە، ئەو نموونەیە دیسان دەبێ بەدی بێت، هیچ نەبێ لە هەندێک جێی دنیا

دیموکراسی پتەو

سەرەڕای ئەوە، سەردەمی بێهیوایی گەورە تەنیا نەبووە هۆی سەرهەڵدانی فاشیزم، بەڵکو سەرهەڵدانی لیبراڵ دیموکراسیشی بە دوای خۆیدا هێنا، کەواتە لەوانەیە پەتاکە هەندێک ئەنجامی سیاسی ئەرێنیش بەدی بێنێ. گەلێکجار، هەروەک هەژانێکی دەرەکی سەیر دەکرێ کە شەنگبوونی سیستمێکی سیاسی دژە گۆڕان خاو بکرێتەوە و بارودۆخ بڕەخسێ بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و سیستمێکی شایستە، ئەو نموونەیە دیسان دەبێ بەدی بێت، هیچ نەبێ لە هەندێک جێی دنیا.

واقیعی پراکتیکی بەڕێوەبردنی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکە پێویستی بە پیشەییبوون و شارەزاییە. ناکارایی و زۆر گوتن شتێکی زۆر ئاسانە. ئەمە دەبێ لە ئەنجامدا هەڵبژاردەیەک بکات، ئەوانەی کە بەجوانی کاری خۆیان کرد پاداشت بکات و ئەوانەیش کە ناکارا بوون سزا بدرێن.
جەیر بەلسنارۆی بەرازیل، کە بە بەردەوامی لە ساڵانی دواییدا، داودەزگا دیموکراسییەکانی وڵاتەکەی تووشی داڕووخان کرد، لە سەرەتادا ویستی بە ڕێگاکەی خۆی بە فرتوفێڵ لە تەنگژەکە دەرچێ. بەڵام ئێسته‌ لە ژێر باری تەنگژەکەدا دەزیڕێنێ، هه‌روه‌هك ئێسته‌ بەڕێوەبردنی کارەساتێکی تەندروستی لەسەرشانە.
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا، لە سەرەتادا ویستی لە کاریگەریی پەتاکە کەم بکاتەوە، دوایی گوتی پەتاکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە، ئێسته‌یش کە کۆڤید ١٩ بە ڕووسیادا بڵاوبووەتەوە، دەبێ دووبارە قسەکەی بگۆڕێ. هەر بەر لە پەتایەکەیش شەرعییەتی پوتین لە دابەزیندا بوو، لەوانەیە ئەمە خێرای کات.
پەتاکە تیشکی خستە سەر ئەو داودەزگایانەی لە هەموو جێیەک هەن، خاڵە لاواز و ناکارییەکانیانی خستە ئەو گۆڕە. جیاوازی نێوان هەژار و دەوڵەمەند زۆر بوو و دەرکەوت چ وەک خەڵک و چ وەک وڵات، لە درێژەی سستی ئابووریشدا زیاتر ئەو جیاوازییانە قووڵ دەبنەوە. بەڵام لەگەڵ گرفتەکەیشدا، توانای ئەو حکوومەتانەی دەرخست کە چارەسەریان پێیە و سەرچاوە گشتییەکان ڕادەکێشنە چوارچێوەی چارەسەرەکەوە. ئەو هەستە لە مێژینەیەی هەیە “ەنیا پێکەوە”، هاوکاریی کۆمەڵایەتی پتەو دەکات و پارێزگارییەکی کۆمەڵایەتی پتەو دێنێتە ئاراوە، بەهەمانشێوەی هەستی هاوبەشی ئازار چەشتن لە دوای شەڕی یەکەمی جیهان و سەردەمی بێهیوایی گەورە، کە بووە هۆی هاتنە کایەی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی لە ١٩٢٠-١٩٣٠.
ئەمە لەوانەیە وەڵامێک بێ بۆ بابەتی بیروڕای نیولیبراڵیزم، ئایدۆلۆجیای بازاڕی ئازاد کە لەلایەن ئابووریناسانی “زانکۆی شیکاگۆ”وە پێشڕەوی کرا، وەک گاری بیکەر، مێڵتۆن فیریدمان، جۆرج ستیگڵەر. لە هەشتاکاندا، زانکۆی شیکاگۆ، پاساوی هزریی زۆری دادەهێنا بۆ کارەکانی هەردوو سەرۆک ڕۆناڵد ڕیگان و مارگرێت تاتچەر، کە هەردووک پێیان وابوو دەوڵەتی زۆر گەورە و بە دەسەڵات، دەست تێوەردەر، ڕێگرە لە بەردەم پێشکەوتنی خەڵک. لەو کاتەدا، هەمیشە هۆی گونجاو هەبوون بۆ دوورخستنەوەی دەست و خاوەندارێتی حکوومەت. بەڵام گرفت لەوەدا نەبوو، به‌ڵكو لەوەدابوو ئەو چەمکە بووە ئاینێکی لیبراڵی و گۆڕا بۆ دوژمنایەتی لەگەڵ کاری حکوومەت لە سەردەمی نەوەی ڕۆشنبیری کۆنسەرڤاتیڤ، بە تایبەتی لە ئەمه‌ریکا.
بەپێی گرنگی کاری خێرای دەوڵەت لە دابەزاندنی ئاستی پەتاکە، زۆر سەختە گفتوگۆ بکەین لەسەر وتەکەی ڕۆناڵد ڕێگان کە لە ڕێوڕەسمی یەکەمی دەستبەکاربوونیدا گوتی، “حکوومەت چارەسەر نییە بۆ گرفتەکانمان، بەڵکو حکوومەت خۆی گرفتەکەیە”. هیچ کەسێک ناتوانێ بڕوا بەوە بکات کە لە پێویستی کاتی فریاگوزاریی نیشتمانیدا کەرتی تایبەت و خێرخوازی دەتوانن جێی کاری حکوومەت بگرنەوە. لە مانگی نیساندا، جاک دۆرسی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تویتەر، ڕای گەیاند کە بە بڕی ملیارێك دۆلار بەشداری دەکەن له‌ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڤید ١٩.  لە هەمان مانگدا کۆنگرێسی ئەمه‌ریکا بڕی ٢،٣ تریلیۆن دۆلاری تەرخان کرد بۆ پشتیوانیکردنی ئەو کۆمپانیا و خەڵکانەی بە هۆی پەتاکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
دژە داودەزگایی لەوانەیە بەردەوام بێ لەناو خۆپیشاندەران لە سەردەمی قەدەغەی هاتووچۆدا، بەڵام ڕاپرسییەکان دەری دەخەن کە زۆرینەی زۆری ئەمه‌ریکاییەکان بڕوایان بە ئامۆژگارییەکانی شارەزایانی پزیشکی حکوومەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ تەنگژەکە هەیە. ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی زیادکردنی پشتیوانی بۆ دەستێوەردانی حکوومەت لە گرفتی کۆمەڵایەتی گەورەتر. لەوانەشە، تەنگژەکە لە کۆتاییدا گیانی هاوکاری نێودەوڵەتی بەگەڕ بخات. لە کاتێکدا سەرکردە ناوچەییەکان یاری سەرکۆنەکردن پێڕەو دەکەن.
زاناکان و بەرپرسانی تەندروستی نیشتمانی لە دنیادا پێوەندی و تۆڕەکانی خۆیان پەرە پێ دەدەن. ئەگەر لە بەریەکترازانی هاوکاریی نێودەوڵەتی کارەسات دروست بکات و حوکمی شکستهێنانی لەسەر بدرێ، ئەوا سەردەمی دوای ئەوە بۆی هەیە نوێکردنەوەی ئەرکەکان بەخۆیەوە ببینێ، بۆ کاری فرەلایەن و بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندی گشتی.

بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا وەک تاقیکردنەوەی گوشار بوو، ئەو وڵاتانەی داودەزگای بەهێزیان هەبوو توانیان بەرەنگاری ببنەوە و لەوانەیشە ببێتە وانەیەک بۆیان تا لە داهاتوودا چاکاسازیی لە داودەزگاکاانیان بکەن و بەهێزتر ببن تا ئاستی نموونەیی

بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا وەک تاقیکردنەوەی گوشار بوو، ئەو وڵاتانەی داودەزگای بەهێزیان هەبوو توانیان بەرەنگاری ببنەوە و لەوانەیشە ببێتە وانەیەک بۆیان تا لە داهاتوودا چاکاسازیی لە داودەزگاکاانیان بکەن و بەهێزتر ببن تا ئاستی نموونەیی. هەرچی وڵاتانی هەژاری خاوەن سەرکردە و داودەزگای ناکاران، بەپێچەوانەوە سست بوون ڕوویان تێ دەکات و لەوانەیشە تووشی قاتوقڕی ببن. گرفتەکە ئەوەیە گرووپی دووەم زۆر زۆر زیاترن لە یەکەم. بەداخەوە، تاقیکردنەوەی گوشارەکە هێندە قورس بوو، ژمارەیەکئ کەم دەتوانن دەرچن.

بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغە سەرەتاکانی تەنگژەکە بەسەرکەوتوویی. وڵاتان تەنیا ئەوە نییە پێویست بێ توانای دەوڵەتییان باش بێ و سەرچاوەی گونجاویان هەبێ. بەڵکو دەبێ تا ڕادەیەکی باش لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە هاوڕا بن. سەرکردەی بەتوانایان هەبێ کە هیوای متمانە ببەخشن. ئەمە لە دەستی وڵاتێکی وەک کۆریای باشوور هات، کە کاری بەڕێوەبردنەکەی بە ستافێکی پیشەیی تەندروستی لێزان سپارد، هەروەها ئەڵمانیای ئەنجێلا مێرکڵ. به‌ڵام ئەوی باو بوو زیاتر، ئەو حکوومەتانە بوون کە سەرکەوتوو نەبوون لە کارەکەدا. لەبەرئەوەش کە تەنگژەکە ئەوەی ماوە، ئاسان نییە بەڕێوە ببرێ، ئەم نموونانە بەردەوام دەبن و وا دەکەن بەگشتی نەتوانین هیوامان بەرز بێ.
هۆیەکی تریش بۆ ئەوەی گەشبین نەبین، ئەوەیە سیناریۆ ئەرێنییەکان وای دادەنێن کە هەندێک گفتوگۆ و بەرزبوونەوەی ئاستی فێربوونی کۆمەڵایەتی ڕوو دەدات. بەڵام هێشتا پێوەندی نێوان شارەزایی تەکنۆکراتی و سیاسەتی گشتی لە ڕابردوویش لاوازترە،  لەوکاتەی دەستەبژێرەکان لە دەسەڵات بوون.
بە دیموکراتیکردنی دەسەڵات کە شۆڕشی تەکنۆلۆجیا خێرای کرد، هەڕەمەکانی ئیدراکی دابەزاند بۆ ئاستی هەڕەمەکانی تر. بڕیارسازیی سیاسیش ئێسته‌ لە ڕاستیدا بەهۆی بڵقێکی بۆمبکراوەوە ڕادەکێشرێت و تاو دەدرێت. ئەمەش شوێنی نموونەیی خۆئەزموونکردنی بنیاتنەرانە و پێکەوەیی نییە.
هەندێک لە سیاسەتەکانیش لەوانەیە بۆ ماوەی درێژ گەمژانە بمێننەوە، وەک لەوەی بۆ ماوەی درێژ چارەساز بمێننەوە.

ئەوەی کە زۆر گۆڕاوە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکایە، بۆ بێبەختی وا ڕێککەوت لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایەدا ناکاراترین و بێ بڕیارترین سەرۆکی هەبێ لە مێژووی نوێدا

ئەوەی کە زۆر گۆڕاوە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکایە، بۆ بێبەختی وا ڕێککەوت لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایەدا ناکاراترین و بێ بڕیارترین سەرۆکی هەبێ لە مێژووی نوێدا. شێوازی حوکمڕانییەکەی بە گوشاریش نەگۆڕا، لە هەموو ماوەی دەسەڵاتەکەیدا خەریکی شەڕکردن بوو لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی کە خۆی سەرۆکایەتیی دەکات، کاتێک پێویست بوو نەیتوانی داودەزگاکان بە کاریگەریی بەکاربهێنێ. لە بڕوای ئەوەدابوو کە سەرمایە سیاسییەکەی بە ڕووبەڕووبوونەوە و قینە زیاتر خزمەت دەکرێ وەک لە نیشتمان، تەنگژەکەی بەکارهێنا بۆ دروستکردنی شەڕ و قووڵکردنەوەی جیاوازی کۆمەڵایەتی. ناکارایی ئەمریکا لە ماوەی پەتاکەدا زۆر هۆی هەبوون، بەڵام سەرەکیترینیان ئەو سەرۆکە بوو کە لە سەرکردایەتیکردن شکستی هێنا.
لە هەموو کاتێک زیاتر پێوەندی نێوان شارەزایی تەکنۆکراتی و سیاسەتی گشتی لاوازترە، بە جۆرێک لە ڕابردوودا وانەبووە کاتێک کە دەستەبژێر دەسەڵاتی زیاتریان هەبووە. ئەگەر ئەم سەرۆکەی ئێسته‌ی ئەمه‌ریکا لە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوو بۆ خولێکی تری داهاتوو ببێتەوە سەرۆک، ئەوا دەرفەتی نوێبوونەوەی بەرفراوانتری دیموکراسی و سیستمی لیبڕاڵی جیهانی، کەم دەبێتەوە. ئەنجامی هەڵبژاردنەکە هەرچیبێ، ئەو دابەشبوونە قووڵەی کۆمەڵگای ئەمه‌ریکا دەمێنێتەوە.
ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ماوەی پەتاکەدا زەحمەتە. چونكه‌ هاندەری باش دەبێ بۆ دۆڕاوە تووڕەکان تا تانە لە شەرعییەتەکەی بدەن. تەنانەت ئەگەر دیموکراتەکان کۆشکی سپی و هەردوو خانەی کۆنگرێس بە دەست بێنن، دیسان بەرپرسیارێتی وڵاتێکیان دەکەوێتە ئەستۆ کە کەوتووەتە سەر ئەژنۆ. هەر کارێک بکرێ کێوێک لە قەرز و بەرگرییەکی شێلگیری لە پێشە. دامەزراوە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان لاوازن، دوای ئەوەی ساڵانێک خراپەیان بەرامبەر کرا و هەناسەیان لێ بڕاوە، ساڵانێکی دەوێ تا بنیات بنرێنەوە،  ئەمە ئەگەر بواری تێدا مابێ.

وەرگێڕانی/ چیمەن ساڵح
كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

فەردە دۆلارەکانی مەلا بەختیار کەوتنە کوێوە؟

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوە و تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی خەریکە…