28/08/2020

کازمی دەیەوێت چی بکات؟

کەمال رەووف

موستەفا کازمی لەیەکەم جوڵەیەوە تا ئێستا توانیویەتى تارادەیەکى باش سەرنجى چاودێران و شەقامى عێراقى بەلاى خۆیدا رابکێشێت، جیاوازى کازمى و ئەوانى تر، تەنها ئەوەنییە، کە کازمى خاوەن حزب و هێزى ملیشیا و کورسى پەرلەمان نییە، بەڵکو بەشێک لەوەى سەرنجى خەڵکى راکێشاوە، ئەوەیە، کە بوێرانە هەنگاو هەڵدەگرێت و بەرەورووى تەحەدیەکان دەبێتەوە. گەرانەوەى سەرۆک وەزیرانى تازە بۆ شەقام و دروستکردنى گروپى گەورە لە دەستەى راوێژکارانى لە خەڵکى نارازى و خوێنى تازە و کەسایەتیە دیارەکانى کۆرەپانى تەحریرو بریارە خێراکانى لەسەر گرتنە دەستى دەروازە سنورییەکان و جێگۆرکێى بەرپرسە ئەمنى و سەربازییەکان، هەمووئەوانە بەیەکەوە ئەوە نیشاندەدەن، کازمى دەیەوێت جیاوازتر لەوانى پێشوو، جوڵە بکات و لەو ماوە کورتەى لەبەردەستیایەتى خۆى وەک فریادرەس نمیاش بکات.

لەراستیدا بەشێک لەگرفتى عێراقى نوێ ئەوەیە، کە تەوافقى نێو سێ پێکهاتە سەرەکییەکەى عێراق( کورد، شیعە سوننە) لەسەر پشک و پۆستەکان هۆکارى ئەم دۆخەن، بەڵام گرفتى سەرەکى عێراق لە ١٧ ساڵى رابردوو ئەوە بووە، کە هێزەسەرەکییەکان کارئاسانیان کردوە بۆ دەستێوەردانى هێزى دەرەکى و عێراقیان کردۆتە مەیدانى ململانێیەتى ئەقلیمى و جیهانى، بەتایبەتى کەئەو تەوافقە لەبرى ئەوەى ببێتە هۆى کۆکردنەوە و سازانى پێکهاتەکان و دروستکردنى چەترى نیشتمانى، بەپێچەوانەوە هەر یەک لەلایەک کار لەسەر بەهێزکردنى خۆى و لاوازکردنى ئەوى دى دەکات، بە دەستبەسەراگرتنى سەرچاوەى داهاتى گشتى و خۆهەڵواسینى بە وڵاتانى رکبەرى ناوچەکە، لەوانە جەمسەرى شیعە و سوننە، ئەمەش جگەلەوەى دابرانى گەورە بۆگەلى عێراق دروست کردوە، لەهەمان کاتیشدا ناداد پەروەریەکى زۆرى برەو پێداوە و دەست و پێى حکومەتى شەتەک داوە و قوربانیەکەشى بەگشتى خەڵک بووە، بۆیە ئەرکى کازمى لەوە قورسترە، لەدیدارى خۆپیشاندەران و تەوازوعى هەڵسوکەوت کورت بکرێتەوە، لەوەش دژوارترە، کە پێشبینى دەکرێت بەبریارى حکومەتێکى کاتى بتوانرێت چارەسەرى پرسگەلێک بکرێت، کە تا ئێستا پێکهاتە سەرەکییەکانى عێراقى والێکردوە هەریەک لەدۆڵێک بێت. دیارە چارەسەر موستەحیل نییە، بەڵام ئەوەى کە ئەمرۆ دەبینرێت لەپرۆسەیەکى شێنەیى و بەرنامە بۆدارێژراو دروست بووە، مەترسەکەش ئەوەیە ئەم دۆخە بەرژەوەندى گەورەو هێزى گەورەى چووەتە پشت، بۆیە چارەسەریش دەبێت بەپرۆسەیەک بێت و هێزى گەورەى نێودەوڵەتى و وزەى شەقام بەراشکاوانە بچنە پشتى، کازمى یان هەر کەسێکى تر گەربیەوێت عێراق لەم پشێویى و ئاڵۆزیە دەربهێنێت و بیخاتە سەر سکەى دەوڵەتسازى، بەدور لەتێروانینى کودەتا، راستەوخۆ پێویستى بەبەدەستهێنانى پشتیوانى ناوخۆو دەرەکى هەیە، پێویستى بە پرۆژەو بەرنامەى رۆشن هەیە، تابتوانێت عێراق لەمەدارى سعودى، تورکى، ئیرانى و دەسەڵاتى شیعەگەرایى، دەبهێنێت، عێراق سەرەتا پێویستى بەوەیە، وەک خۆیان دەڵێن، چەک بگرەرێتەوە دەست دامەزراوەکانى دەوڵەت و ئیرادەى چاکسازى و داد پەروەرى وەک پرۆژەیەکى سەرەکى میللى تەبەنى بکرێت و گوشار دروست بکرێت تا بکرێتە خواستى نارەزایەتى هەر سێ پێکهاتە سەرەکیەکە.

کازمى خۆى چیدەکات..

خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییانە، ئەوەى تێپەراند، کە شیعە مەزهەبەکان هەر دەنگ بەدروشمە کۆنەکان و بەلایەنە شیعییە کلاسیکییەکان بدەنەوە، ئێستا دەنگدەران بەگشتى شیعەگەرێتى و کوردایەتى موزەیەف و سوننە گەرایى بەرچاویان لێڵ ناکات، نارەزایەتیەکانى ناو سوننەو کورد لەهەرێم، خۆپیشاندانەکانى شارە شیعە نیشینەکان چاوەروانى ئەوەى لێدەکرێت، خولیاى گەران بەدواى پرۆژەى نیشتمانى هەم و مەراقى مەساحەیەکى فراوانى دەنگدەران بێت. راستە لایەنەکان هەریەکەو بەشى خۆیان دەنگدەریان هەیە، بەڵام ئاراستە فراوانەکەى ناوخەڵک گۆرانکارى گەورەى بەسەردا هاتوە، خۆ گەر کازمى بتوانێت، لەژێر چەترى نیشتمانى و بەرەى دژە گەندەڵى هێزو تواناى خۆى لەسەر ئاستى عێراق کۆبکاتەوە، بەدڵنیاییەوە، کازمى دواى هەڵبژاردنەکان دەبێتە ژمارەیەکى گەورەو ئەم کازمییەى ئێستا نابێت، ئەوکاتە بریارو جوڵەکانیشى فراوانتر دەبن لەوەى ئێستا دەبینرێت، دیارە ئەمە کارێکى ئاسان و رێگایەکى بێ گرێوگوڵ نییە، خۆ گەر کازمى لەماوەى ئەم چەند مانگەى لەبەردەمیدا ماوە، بتوانێت هەندێک چالاکى باشتر و کاریگەر تر دژى گەندەڵکاران ئەنجام بدات، بتوانێت هەندێک لەخواریەکانى حوکمرانى راست بکاتەوە، ئەوا کارئاسانى زیاتر بۆ ئەوسەرى خۆیى دەکات، خۆ گەربەهەر بەهانەیەک پاشەکشەشیى کرد، هەموو ئەوانەى کراون یەکسانى سفردەکرێتەوەو هەموو جوڵەکانى وەک کارێکى هەڵخەڵەتێنەرانەى پۆپۆلیستانەوە لێکدانەوەى بۆدەکرێت و لەباتى هێوابەخشى نائومێدى لەناو خەڵک زیاتر دەکات، ئەوکاتە لەبرى فریادرەس وەک مونافیقێکى سیاسى سەیر دەکرێت.

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

ئازادی ڕادەربڕین

یەکێک لە هۆکارەکانی فراوانبوونی ئازادی ڕادەربڕیـن بریتی بوو لە شۆڕشی تەکنەلۆژیاو زانیاری ل…