04/07/2020

پەرلەمان دامەزراوەی یاسادانان و چاودێرییە، نەك سەكۆی ململانێ حزبییەكان

لەم دواییانەدا بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارێك لەلایەن فراكسیۆنی پارتی و جێگری سەرۆك و دواتر هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە پەكی پەرلەمانی خستبوو، سەبارەت بەو بابەتە و لەچوارچێوەی كاری چاودێریی پەرلەماندا چەند یاداشت و بەیانێكمان بڵاوكردەوە، ئەوەی جێگەی هەڵوەستە لەسەر كردنە لە ئێستادا وەڵامی وەزارەتی دادە كە بەنوسراوی ژمارە (28) لە رۆژی 29/6/2020 وەزیری داد ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كردووە سەبارەت بە رەتكردنەوەی بڵاوكردنەوەی بڕیاری سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە (4)ی هەڵگرتنی پارێزبەندی.

قسەی ئێمە لەسەر یاسایی بوون و نا یاسایی بوونی بڕیارەكەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان نیە، ئەوە بابەتێكی ترە، نە كاری ئێمەیە و نە كاری وەزارەتی داددە، بەڵكو ئەرکی لایەنی تری پەیوەندیدارە و رێكاری خۆی هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی. مەبەستی ئێمە لایەنی نا یاسایی نوسراوەكەی بەڕێز وەزیری دادە كە ئەویش بووە بە بەشێك لەو سیناریۆیەی لە هەوڵی بچوك كردنەوەی پەرلەمان و لە ڕێگە لادانیەتی و ئەگەر ئەم رێكارانە بەردەوامبن دەبێتە نەریتێكی خراپ لەمێژووی یاسادانان لە هەرێمی كوردستان. كە خاڵە نا یاساییەكانی لێرەدا دەخەینە روو:
1-بەپێی یاسا وەزارەتی داد بۆی نیە نوسراو راستەوخۆ ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكات، بەڵكو دەبوایە بەڕێكاری خۆی لەرێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە وەڵامی بدایەتەوە و رەچاوی پلەبەندی كارگێڕیی بكردایە.
2-لەنوسراوەكەی وەزیری دادا ئاماژە بەوە دراوە كە بریارەكەی سەرۆكی پەرلەمان (بە پێی یاسا بەبریارێكی نەبوو دادەنرێت)، پرسیار ئەوەیە ئایا لەرووی یاساییەوە چ لایەنێك تایبەتمەندە بە بریاردان لە یاسایی بوون و پوچەڵبوونی بریارەكان؟ بێگومان ئەم بابەتە لە تایبەتمەندێتی دەسەڵاتی دادوەرییە كە لە یاسایی بوون و نایاسایی بوونی بڕیارەكە بپێچێتەوە و یەكلای بكاتەوە. هەر بۆیە وەزارەتی داد لایەنی تایبەتمەند نیە بە بریاردان لە مەشروعیەتی بریارەكە، جا كارگێڕی بێت و یا پەرلەمانی، چونكە ئەگەر بریارەكە كارگێڕیی بوو ئەوا بابەتەكە لە تایبەتمەندی دادگای كارگێڕییە و ئەگەر بریارێكی پەرلەمانیش بوو ئەوا لە تایبەتمەندی دادگایەكی دەستووریە كە لە هەرێمدا بوونی نییە. كەواتە ئەم بابەتە دەسەڵاتی یاسایی بە هیچ دامەزراوەیەكی دادوەریی یان جێبەجێكردن تەنانەت یاسادانانیش نادات تا بڕیاری یاسایی بوون و پوچەڵبوونی بریاری پەرلەمانی بدات .
3-بەپێی بڕگەی یەكەم لە مادەی دووەمی یاسای بڵاوكردنەوە لەرۆژنامەی رەسمیدا (وەقایعی كوردستان) ژمارە (٤ی ساڵی ١٩٩٩)، هاتووە: (یاسا و بریارەكانی پەرلەمانی كوردستان–عێراق و ئەوەی بەهاوپێچەكانیان حساب دەكرێن یان ئەوەی تیایدا دەقی گرتووە بۆ بڵاوكردنەوەی) بڵاودەكرێنەوە، بڕیاردان بە بڵاوكردنەوەو بڵاونەكردنەوەی بریارێكی سەرۆكی پەرلەمان لە دەسەڵاتی وەزیری دادی نیە و لە هیچ دەقێکدا ئاماژەی پێنەکراوە.
لەبەر ئەم هۆكارانە نا یاسایی بوونی نوسراوەكەی بەڕێز وەزیری داد دەردەكەوێت، جێگەی سەرسوڕمانیشە بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان لەسەر مەرجەعییەتی یاسایی و شكۆی پەرلەمان و بڕیار و واژۆكەی خۆیان بێدەنگن!

لەبری ئەوەی پەرلەمان لەم قۆناغە سەختەدا بەڕۆڵی گرنگی خۆی هەستێ و كۆدەنگییەك دروستبكات لەنێوان لایەنە سیاسیەكان و یەك گوتارییەكی نیشتیمانی لەهەمبەر تەنگژەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا بێنێتەكایەوە، مشورێكی گوزەرانی خەڵكی هەژار و موچە بڕاو و بێ ئیش بخوات، خۆی سەرقاڵ كردووە بە بابەتی لاوەكی و ململانێی حزبی و سەركردەكان و تەسفیەی حیساباتی خۆیان لەسەر حیسابی خەڵك لەو دامەزراوەدا یەكلا دەكەنەوەو هەموو هەوڵێكیان بۆ لاوازكردن و پەراوێزخستن و بێ بەهاكردنی ئەم دامەزراوەیە. ئەرکی هەموو لایەکە كە رێگربن لەبەردەم ئەو هەوڵانەی دەیانەوێت پەرلەمان بێدەسەڵاتتر بكەن و لەڕێڕەوی خۆی لایبدەن و ئەو بڕیار و هەوڵە نایاساییانە رابگرن و رێگەنەدەن ببن بەنەریت بۆ داهاتووی پەرلەمان.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
4/7/2020

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

گەنجێک کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی راپه‌ڕین رایگه‌یاند، ” ته‌رمی گه‌نجێك گه‌یه‌ندرایه‌ پزیشكی…