01/07/2020

مانگی داهاتوو بەپێی ئەو داهاتە موچە دابەش دەکەین کە لەبەر دەستمان دەبێت

حكومەتی هەرێم: مانگی داهاتوو بەپێی ئەو داهاتە موچە دابەش دەکەین کە لەبەر دەستمان دەبێت

وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند لەمڕۆوە یاسای چاكسازی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە مانگی داهاتوو بەپێی ئەو داهاتە موچە دابەش دەکەین کە لەبەر دەستمان دەبێت بزانین بە چی رێژەیەک دەبێت

جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، حكومەتی هەرێم بە بەردەوامی ئیسرار دەكات لەسەر ئەوەی پەیوەندیەكی دۆستانەی هەبێت لەگەڵ دراوسێكانی و پەیوەندیەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەیوەندیەكی دۆستانەیە، بەهیچ شێوەیەك قبوڵ ناكەین خاكی هەرێمی كوردستان بەكار بهێندرێت وەك هەڕەشە، بۆیە دەبێت هێزە بیانیەكان لەسەر خاكی هەرێم بكشێنەوە.

لەدوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی دابەشكردنی موچەی داهاتووی فەرمانبەران، ئاماژەی بەوە كرد لەمڕوە كار بۆ ئەوە دەكرێت كە موچە بە گوێرەی سیستەمی بایۆمەتری دابەش بكرێت. هەر لەمڕۆشەوە حكومەتی هەرێم پێداچونەوە دەكات بە لیستی موچە و دەرماڵە نەك دەستكاریكردنی موچە.

جوتیار عادل ئەوەشی ئاشكراكرد كەكار دەكرێت بۆ ئەوەی كۆمپانیاكان باجەكانیان بگێڕنەوە بۆ حكومەت، لەگەڵ كەرتیتایبەتیش لەمەودوا حكومەت كاری هاوبەش ئەنجام دەدات و هەموو بڕیارەكانیش بۆ چاكسازی بەكۆی دەنگ پەسەند كران.

لەبارەی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ بەغدا وتی: بەغدا خێرمان پێناكات ئەوەی پێماندەدات مافی دەستوری خۆمانە، لەبارەی یاسای چاكسازی رایگەیاند بۆجێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ئەمڕۆ سەرۆکی حكومەت سەرجەم دامەزراوە و وەزارەتەكانی راسپارد بۆ ئەوەی ماوەی جێبەجێكردنی یاساكە دیاری بكەن.

وتەبێژی حكومەت روونكردەوە بەمزوانە شاندی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە سەردانی بەغدا دەكاتەوە و گفتوگۆكانمان لەچوارچێوەی دەستوری عێراق دەبێت.

لە قسەكانیدا هیچ ژمارەیەكی لەبارەی ئەو پارەیە نەخستەڕوو كە بەهۆی یاسای چاكسازیەوە بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە وتی: لە چەند رۆژی داهاتوو بەشێوەیەكی دیاریكراو ئەو پارەیە دیاری دەكەن كە بەهۆی یاسای چاكسازیەوە بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە بەڵام ئێستا ناتوانم هیچ ژمارەیەك ئاشكرا بكەم.

وتەبێژی حكومەت وتیشی: گۆڕان و یەكێتی بەگوێرەی ئەو رێكەوتنەی كراوە دەبێت پاڵپشت بن بۆ یاسای چاكسازی لەبەر ئەوەی حكومەت هەرگیز پاشگەز نابێتەوە لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی.

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

فۆتۆگرافەرێکی کورد لە ئەلمانیا کارێکی ناوازە ئەنجام دەدا

برادۆست میدیا ڕەوەند جەواد فۆتۆگرافەر خەڵکی هەولێرە ماوەی پێنج ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیایە سە…