17/08/2019

وەزارەتی رۆشنبیری: پشتگیری تەواوی ماریا ھەورامی ده‌كه‌ین

برادۆست میدیا ـ هەولێر

وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان رایگه‌یاند، پاڵپشت و داکۆکیکاری ھونەرمەندان و زامنی پاراستنی مافەکانیان بین لەچوارچێوەی یاساکان، ھەر لەم روانگەیەشەوە پشتگیری تەواوی ھونەرمەند ماریاھەورامی و تەواوی ھونەرمەندان دووپات دەکەینەوە.

فه‌رهه‌نگ گۆمه‌شینی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاندووه‌، “ئێمە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە ئەرکی سەر شانی خۆمانی دەزانین پاڵپشت و داکۆکیکاری ھونەرمەندان و زامنی پاراستنی مافەکانیان بین لەچوارچێوەی یاساکان، ھەر لەم روانگەیەشەوە پشتگیری تەواوی ھونەرمەند ماریاھەورامی و تەواوی ھونەرمەندان دووپات دەکەینەوە”.

دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان

دوای بڵاوبوونەوەی گۆرانی و کلیپی خاتوونی ھونەرمەند( ماریا ھەورامی)، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا، بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان، لێرەدا مەبەستمانە جەخت لەو راستییە بکەینەوە کە کولتووری ھونەر و گۆرانی گوتن لەکۆنەوە مۆرکی ناسراو و دێرینی کود بووە و یەکێک لە میللەتە دێرینەکانی ناوچەکەیە کە دەوڵەمەندە بەھونەری گۆرانی و کۆی کایەکانی دیکەی ئەو بوارە.

ئەوەی جێگەی ھەڵوەستە لەسەر کردن و تێڕامانە و مایەی نیگەرانییە قسە پێگووتن و ناوزڕاندنی ئەو خاتوونە بوو لەلایەن مامۆستایەکی ئایینییەوە و بەناوی دین و لەپەنای دینەوە، بەزمانێک کە لە کەسێکی ئاسایی و ھەرزەکارێک ناوەشێتەوە، نەک مامۆستایەکی ئایینی کە لەسەر مینبەری  مزگەوتدا وتار لەبارەی رەوشت بەرزی بڵێتەوە. لەکاتێکدا خودی گۆرانییەکە ھیچ وشەو وێنەیەکی تێدا نەبووە و نییە کە ناکۆک بێت بە کولتووری گۆرانی کوردەواری.

بۆیە ئێمە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە ئەرکی سەر شانی خۆمانی دەزانین کە پاڵپشت و داکۆکیکاری ھونەرمەندان و زامنی پاراستنی مافەکانیان بین لەچوارچێوەی یاساکان، ھەر لەم روانگەیەشەوە پشتگیری تەواوی ھونەرمەند ماریاھەورامی و تەواوی ھونەرمەندان دووپات دەکەینەوە و داواش لە وەزارەتی ئەوقاف و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی بەڕێز دەکەین رێگە نەدەن بەھەر بیانوویەک و لەژێر ھەر پاساوێک بێت سووکایەتی بە ھونەرمەندان بکرێت و وشەی نەشیاوو ناوزراندن بەکاربھێنن. کەئەم کارە بەرلەھەرشتێک ناکۆکە بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان.

فەرھەنگ گۆمەشی
گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان
٢٠١٩/٨/١٧

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

فۆتۆگرافەرێکی کورد لە ئەلمانیا کارێکی ناوازە ئەنجام دەدا

برادۆست میدیا ڕەوەند جەواد فۆتۆگرافەر خەڵکی هەولێرە ماوەی پێنج ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیایە سە…