19/10/2019

په‌یامێك له‌ منداڵێكى كورده‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى و ڕێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤ له‌ جیهان

نمە نەریمان

برادۆست میدیا ـ سلێمانی

ئێوە ئێستا بە چاوی خۆتان دەیبینن جارێکی تر سوپای تورکیا
بە فڕۆکە و بۆمب و هێزی زۆرەوە
هێرشیان کردووەتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان
ئەوان هاتوون گەلەکەمان لەناوبەرن ،
خاکەکەمان داگیربکەن و سامانەی بدزن.

وەک منداڵێکی کورد داواتان لێدەکەم
ڕێگری بکەن لەو کەسانەی دەیانەوێت بمانکوژن و بمانسڕنەوە
کۆتایی بەم جەنگانە بهێنن کە ساڵانێکە بەرانبەرمان دەکرێن
کە بەهۆیانەوە بە ملیۆنان کەسمان لەناوبراون و بوونەتە قوربانی.

ئەردۆگان و سوپاکەی بوەستێنن لە کوشتنی ژن و منداڵی کورد
مەهێڵن فڕۆکەکانیان بۆردومانمان بکەن
با خانوەکانمان نەڕوخێن و ئاوارە نەبینەوە
ئیتر تا ئێرە بەسە.

ئێمەگەلێکی ئاشتیخوازین ووڵاتەکەمان دابەشکراوە،
خاوەنی دەوڵەت و فڕۆکە و تانک نین، هیچ تاوانێکمان نەکردووە
تەنها ئەوەیە کە کوردین و جیاوازین لە تورک و فارس و عەرەبەکان.

خاکی کەسمان داگیرنەکردووە دەمانەوێت لەسەر خاکەکەی خۆمان
لەگەڵ دار زەیتون و دارگوێزەکاندا ژیان بکەین و
سرووشت و ژینگەمان بپارێزین ئەمەش مافێکی ڕەوای خۆمانە.

دەبێت ئەوەتان لەبیربێت کچ و کوڕەکانی ئێمە
لەبری ئێوە شەڕی داعشیان کرد
بۆ ئەوەی ژیانی هەمووان پارێزاوبێت شەهیدی زۆرمان بەخشی
ئەمەش لەبەر ئەوەبوو ژیان و ژینگە و مرۆڤایەتیمان خۆشدەوێت.

تكایە ئەمجارە ئەم ناحەقییە قبوڵ مەکەن
مەهێڵن ئەردۆگانیش کوردەکان جینۆساید بکات
وەک ئه‌وه‌ى سەدام حسێن كردى له‌گه‌ڵ كورده‌كان له‌ عێراق
دەخوازم لەبەر مرۆڤایەتی بەرگریمان لێبکەن
بە تەنیا جێمان نەهێڵن و بێهیوامان نەکەن.

بژی ڕۆژئاوای کوردستان
ئاشتی و ئارامی و سەرکەوتن بۆ کوردستان و هەموو جیهان .

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

فۆتۆگرافەرێکی کورد لە ئەلمانیا کارێکی ناوازە ئەنجام دەدا

برادۆست میدیا ڕەوەند جەواد فۆتۆگرافەر خەڵکی هەولێرە ماوەی پێنج ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیایە سە…