23/09/2019

نرخی گواستنەوەی قوتابیان و خوێندکاران بەپاس و تاکسی دیاریکرا

لیژنەی رێکخستنی ھاتووچۆی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگا و خوێندنگە حکومی و ئەھلییەکان کارەکانی دەستپێدەکاتەوە و مەرجی سەلامەتی و تەندروستی نوێ بۆپاس و ئۆتۆمبێلی گواستنەوە دادەنێت.
ڕائد چالاک سەڵاح، نوێنەری ھاتووچۆ و سەرۆکی لیژنەکە رایگەیاندوە، نوێنەری ھاتووچۆ و ئاسایش و پەروەردە و گواستنەوە و چاودێری بازرگانی لە لیژنەکەدا ھەیە و کار بۆ ئەوەدەکات بەسەلامەتی خوێندکاران لەماڵەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و بەپێچەوانەو بگوێزرێنەوە.

راشیگەیاند: پێویستە تەنھا ئۆتۆمبێلی نەفەرھەڵگر(پاس و تەکسی) کاری گواستنەوەی خوێندکاران بکەن و ئۆتۆمبێلی تایبەت تەنھا خوێندکاری نزیک لەخۆی دەگوازێتەوە، پێویستیشە ئەو تەکسی یان پاسانە بەپێی جێگەی دانیشتن خوێندکاریان تێدابێت و بەھیچ جۆرێک رێگە نادرێت نەفەری زیاتر ھەڵبگرن، لەھەمانکاتدا پەخشکردنی گۆرانی و موسیک لە ناو ئەو ئۆتۆمبێلانەدا قەدەغەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد پێویستە ھەر شۆفێرێک کاری گواستنەوەی خوێندکاران دەکات زانیاری تەواو لەبارەی خۆی و ئۆتۆمبێلەکەیەوە لەلای لیژنەی قوتابخانەکە ھەبێت و لەکاتی پێویستدا بخرێتە بەردەستی لیژنەی ھاتووچۆ.

لەبارەی نرخی گواستنەوەی خوێندکار لە ماڵەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن بەئەھلی و حکومییەوە، راشیگەیاندوە، ئەو خوێندنگا و باخچانەی لە سنوری گەڕەکەکانی خۆیانن نرخی گواستنەوەیان بۆ ھەر مانگێک بۆ پاس دەبێت لە (١٥ بۆ ٢٠)ھەزار دینار زیاتر نەبێت و بۆ تەکسی لە(٢٥ بۆ ٣٠) ھەزار دینار زیاتر نەبێت. ئەو خوێندنگا و باخچانەیش کە دەکەونە دەرەوەی سنوری گەڕەکەکانی خۆیان، بەڵام لەناو شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود دان نرخی گواستنەوەیان بۆ پاس (٢٠ بۆ ٣٠) ھەزار دینار و بۆ تەکسی  ٢٥ بۆ ٣٥ھەزار دینار دەبێت.

ھەر لەبارەی نرخەکانەوە، باسیلەوەشکردوە، ئەو خوێندنگا و باخچانەش کە لە دەرەوەی سنوری گەڕەکەکانی خۆیانە و لەدەرەوەی شەقامی مەلیک مەحمودە نابێت کرێی گواستنەوە بۆ پاس لە(٢٥ بۆ ٣٥) ھەزار و بۆ تەکسی لە (٥٠ بۆ ٧٥) ھەزار دینار زیاتر بێت.

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

فۆتۆگرافەرێکی کورد لە ئەلمانیا کارێکی ناوازە ئەنجام دەدا

برادۆست میدیا ڕەوەند جەواد فۆتۆگرافەر خەڵکی هەولێرە ماوەی پێنج ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیایە سە…