12/04/2020

تەندروستی سلێمانی پلانی هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ دەداتە پارێزگار و وەزارەتی تەندروستی

سلێمانی

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستی سلێمانى پلانێكى وردى ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و پارێزگاى سلێمانى كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دۆخى ئه‌و پارێزگایه‌ ئاسایی بكرێته‌وه‌ و هاووڵاتیان بتوانن هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ده‌ست به‌ ژیانى ئاسایی خۆیان بكه‌نه‌وه‌.

سه‌باح هه‌ورامى، به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستیی سلێمانى رایگه‌یاند: “ئێمه‌ پرۆژه‌یه‌كمان پێشكه‌ش به‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و پارێزگاى سلێمانى كردووه‌ بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ى دۆخى سلێمانى له‌دوای قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ سێ قۆناغ، له‌پێناو هاووڵاتیان”.

هەورامى وتیشى، “پلانه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كه‌ له‌ قۆناغى یه‌كه‌مدا، هاتووچۆ به‌ رۆژدا له‌ كاتژمێر 7:00ى به‌یانى بۆ 6:00ى ئێواره‌ ده‌كرێته‌وه‌ و له‌ كاتژمێر 6:00ى ئێواره‌ بۆ 12ى به‌ره‌به‌یان به‌ته‌واوه‌تى هاتووچۆ قه‌ده‌غه‌ بێت، به‌ رۆژدا ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ بۆ هاووڵاتیان پێویسته‌ ده‌كرێنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ژێر چاودێرى تووندى ته‌ندروستی و قایمقامیه‌تدا ده‌بن.

سەبارەت بە دەوامی فەرمانبەرانی حکومەتیش، هەورامی دەڵێت، “ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ده‌ستى به‌ ده‌وامكردن كرده‌وه‌ ئه‌وكاته‌ ته‌نیا 30٪ى فه‌رمانبه‌ران بتوانن ده‌وامبكه‌ن و سیستمى یه‌ك په‌نجه‌ره‌ و وه‌رگرتنى مۆڵه‌تى سه‌ردان په‌یڕه‌وبكرێت”. ئەمە وەک قۆناغی یەکەم.

بۆ قۆناغی دووەم و سێیەم، به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستیى سلێمانى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، “له‌ قۆناغى دووه‌مدا چه‌ند شوێنكارێك و بازاڕده‌كه‌ینه‌وه‌، جگه‌ له‌ خوێندنگه‌ و زانكۆكان، یانه‌كانى مه‌یى خواردنه‌وه‌، بازاڕه‌ گه‌وره‌كان، مه‌راسیمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانى وه‌ك ئاهه‌نگ و پرسه‌، سه‌ردانیكردنى نه‌خۆش، چوون بۆ سه‌رقه‌بران، ئه‌گه‌ر توانیمان ئه‌م قۆناغه‌ به‌ سه‌ركه‌وتووی ببڕین ئه‌وه‌ ده‌توانین بگه‌ینه‌ قۆناغى سێیه‌م و هه‌نگاونانیشمان بۆ قۆناغى سێیه‌م به‌گوێره‌ى داتا و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان ده‌بێت بۆ دۆخه‌كه‌”.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: “ئێمه‌ پلانه‌كه‌مان راده‌ستكردووه‌ و چاوه‌ڕوانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و پارێزگاى سلێمانى-ین بۆ ئه‌وه‌ى په‌سه‌ندى بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ندیان ده‌ربڕى و هاووڵاتیانیش پابه‌ندبوون به‌ رێنماییه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌ مه‌ترسى بڵاوبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا كه‌متر ده‌بێت و ئێمه‌ش ده‌توانین كۆنترۆڵى بكه‌ین”.

له‌باره‌ى ئه‌و میكانیزمه‌ى كه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى پلانه‌كه‌ دانراوه‌ سه‌باح هه‌ورامى، ئاشكرایكرد: “پلانه‌كه‌ میكانیزمى تایبه‌ت به‌خۆى له‌گه‌ڵه‌، ئه‌و میكانیزمه‌ش ده‌درێته‌ لیژنه‌كانى قایمقامیه‌تى سلێمانى، هه‌ر هاووڵاتیه‌ك، خاوه‌ن فرۆشگایه‌ك، كاسبكارێك یان به‌ڕێوه‌به‌رى دامه‌زراوه‌یه‌ك پێوه‌ى پابه‌ند نه‌بێت سزاده‌درێت”.

دوێنێ شه‌ممه‌ 11ى نیسان، كۆبوونه‌وه‌ى سێ قۆڵى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستی و پارێزگار و قایمقامى سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو و له‌دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بووبه‌كر، پارێزگارى سلێمانى رایگه‌یاند: “لەسبەینێوە بە قۆناغ ئاسایی کردنەوەی ژیانی هاووڵاتیان لە سلێمانی دەستپێدەکەین”.

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

فۆتۆگرافەرێکی کورد لە ئەلمانیا کارێکی ناوازە ئەنجام دەدا

برادۆست میدیا ڕەوەند جەواد فۆتۆگرافەر خەڵکی هەولێرە ماوەی پێنج ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیایە سە…