10/06/2020

وێنەی ئەو سیخوڕەی لە پشت کوژرانی قاسم سولەیمانییەوە بووە

برادۆست میدیا ـ رۆژهەڵاتی ناوین

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران وێنەی ئەو کەسە بڵاوکرایەوە کە ئەمڕۆ وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری رایگەیاند، سیخوڕی لەسەر قاسم سولەیمانی کردووە.

بەپێی قسەی غوڵام حسێن ئیسماعیلی وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، ئەو کەسەی کە سیخوڕی لەسەر جموجوڵەکانی قاسم سولەیمانی کردووە لە عێراق و سوریا ناوی (مەحمود موسەوی مەجد)ەو دەستگیرکراوەو حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووەو بەمزوانە حوکمەکەی لەسەر جێبەجێ دەکرێت.

وتەبێژەکەی دەسەڵاتی دادوەری هیچ وێنەیەکی (مەحمود موسەوی) بۆ رایگشتی بڵاونەکردەوە، بەڵام بەپێی چەند وێنەیەک کە چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران بڵاویانکردوەتەوە، سیخوڕەکە کەسێکی نزیک بووە لە قاسم سولەیمانی و لە وێنەیەکدا لەگەڵ سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس دەرکەوتووە، وێنەیەکی تریشی هەیە لەگەڵ حسێن هەمەدانی کە یەکێک بوو لە فەرماندەی سوپای پاسداران و ساڵی ٢٠١٥ لە سوریا کوژرا.

وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران باسی لەوەکرد، مەحمود موسەوی زانیاری بە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد)و دەزگای هەواڵگری ئەمریکا (CIA) داوە لەبارەی جموجوڵەکانی سولەیمانیی.

سەرەتای ئەمساڵ لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد، قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە هێرشێکی ئەمریکادا کوژرا.

​ئەو وێنانەی “مەحمود موسەوی” کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە هێشتا لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە.

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و تورکیا دەستپێدەکەنەوە

دوای وەستانی گەشت ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەت بەهۆی کۆڕۆناوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تور…