31/08/2020

تورکیا ئیدانەی ئەو بێڕێزیەی کرد کە لە نەرویج دژبە قورئانی پیرۆز کرا

سەرچاوە: ئەنادۆڵۆ

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، کاردانەوەی نیشان دا بەرامبەر دڕاندنی قورئانی پیرۆز لە نەرویج و رایگەیاند ”بەتوندترین شێوە ئیدانەی بێڕێزی دەکەین بەرامبەر قورئانی پیرۆز لەلایەن گرووپێکی دوژمن بە ئیسلام و رەگەزپەرستەوە لە نەرویج”.

لەو بارەیەوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، راگەیەندراوێکی سەبارەت بەو بێڕێزیە بڵاو کردەوە کە لە نەرویج بەرامبەر قورئانی پیرۆز کرا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ”بەتوندترین شێوە ئیدانەی بێڕێزی دەکەین بەرامبەر قورئانی پیرۆز لەلایەن گرووپێکی دوژمن بە ئیسلام و رەگەزپەرستەوە لە نەرویج. وەک هەمیشە دووپاتی دەکەینەوە، ئەو جۆرە کردە هاندانانە، تەنها موسڵمانان ناکەنە ئامانج، بەڵکو دەوڵەتانی یاسا و سیستمەکانی دیموکراسیش دەکەنە ئامانج. ئەو پاشماوانەی نازی وەک ڤایرۆس دەوری کۆمەڵگەکەیان داوە و زیانی پێ دەگەیەنن”.

لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە بەرەنگاربوونەوەی ئەو عەقڵیەتە نەخۆشانە تەنها بە وەلانانی ئەو سیاسەتمەدارانە دەبێت کە ئەو بۆچوونانە بڵاودەکەنەوە، جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە کۆکردنەوەی رەگەزپەرستیی و دوژمنایەتیکردنی ئیسلام لە چوارچێوەی ئازادی رادەربڕیندا زۆر هەڵەیە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە رێگری نەکردن یان خاوەندارێتیکردنی بەشێکی ئەو گوتە رەگەزپەرستیانە لەلایەن رەوتی پارتە سیاسییە سەرەکییەکانەوە لە پێناو دەنگدا، مەترسییەکی زۆر جددی دروست کردووە و هاتووە:

”تورکیا هەمیشە بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی رەوتی رەگەزپەرستی فاشیسزم. لەو چوارچێوەیەشدا داوا لە سیاسەتمەدارانی ئەورووپا و دامودەزگاکانی دەکەین ئەو مەترسییە بە جددی وەرگرن و بەرەنگاری ببنەوە. بە داخەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە وڵاتانی سکاندناڤیا کە بانگەشەی ئەوە دەکەن لە بابەتەکانی دیموکراسیی، مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسادا پێشەنگن، ئەو جۆرە کردانە بەرامبەر کتێبە پیرۆزەکەمان رووی لە زیادبوون کردووە. چاوەڕوانین بەرپرسانی نەرویج هەموو رێکارییەکی پێویست بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئەو کردانە دووبارە نەبنەوە کە تشرینی دووەمی رابردوو کردەیەکی هاوشێوەی ئەوە روویدا”.

دوێنێ گرووپێکی راستڕەوی توندئاژۆی دژبە ئیسلام لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج لەبەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا، قورئانی پیرۆزی دڕاند.

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و تورکیا دەستپێدەکەنەوە

دوای وەستانی گەشت ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەت بەهۆی کۆڕۆناوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تور…