31/08/2020

نەسروڵا خۆی لادەدات لە باسکرنی ڕەخنە و ناڕەزاییەکان بەرامبەر حزبوڵای لوبنان

هاوکاتی هەروادێ و زیاتر بوونی ڕەخنە و ناڕەزاییەکان بەرامبەر حزبوڵای لوبنان، سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە باس لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان دەکات.

سەرۆکی حزبوڵای لوبنان ڕایدەگەیەنێت پشتیوانی لە پێکهێنانی حکومەتێک دەکات کە بتوانێت چاکسازی لە ڕەوشی ئابوری لوبناندا بکات و هەروەهاش ڕیفۆرمی هەمە لایەنە بکات.

حەسەن نەسروڵا، لە لێدوانەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە لایەنەکەی کراوەیە بۆ داواکەی فەڕەنسا سەبارەت بە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی سیاسی لە لوبناندا، بەڵام وەک دەڵێت “بە مەرجی بەشداری هەموو پێکهاتەکانی لوبنان.”

لێدوانەکانی حەسەن نەسروڵا هاوکاتی کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی لوبنان بووە بۆ دیاریکردنی سەرەک وەزیری نوێی وڵاتەکە و هەروەهاش بەر لە یەک ڕۆژە لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ لوبنان.

بڕیارە درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن بە سەردانێک بگاتە بەیروت، ئەمەش دووهەم سەردانی دەبێت لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا.

سەرۆکی فەڕەنسا پشتیوانی وڵاتەکەی دابین کرد بۆ لوبنان لە پاش تەقینەوەکەی ڕۆژی 4ی مانگی 8 و لە هەمان کاتیشدا فشاری خستە سەر بەرپرسانی لوبنان بۆ داڕشتنی ڕێککەوتنێکی نوێی سیاسی تا وڵاتەکەیان لە قەیرانی سیاسی و گەندەڵی و ساڵانی خراپی بەڕێوەبردن و فەرمانڕەوایەتی دەرباز بکەن.

حزبوڵای لوبنان کە باڵادەستە لە بواری سیاسی لوبنان و سەر بە ئێرانیشە، ڕووبەڕووی ڕەخنە و ناڕەزایەتییەکی زۆر بۆتەوە بەهۆی ئەو قەیرانە وێرانکارانەی لە لوبناندا هەن.

قەیرانی ئابوری لوبنان بووە هۆکاری ئەوەی لیرەی لوبنانی لە سەدا هەشتای نرخی خۆی لەدەستبدات.

ئەم قەیرانانەی لوبنان هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوە و زۆربوونی ژمارەی گیان لە دەستدانیش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە وەهایان کرد حکومەتی لوبنان هەندێک لە ڕێوشوێنەکان بسەپێنێتەوە بۆ خۆپاراستن و بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا.

حکومەتەکەی حەسەن دیاب لەپاش تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت و بە فشاری خۆپیشاندەران دەستی لە کار کێشایەوە.

نەسروڵا پەیمانی یارمەتی داوە لەلایەن حزبوڵاوە وەک هەوڵێک تا لوبنان نەکەوێتە بۆشایی سیاسییەوە.

لە لێدوانەکانیدا، نەسروڵا خۆی لەو ڕەخنە و ناڕەزاییانە لادا کە دەڵێن “حزبوڵا تەگەرەی بەردەم چاکسازییەکانە.”

سەرچاوە: VOA

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و تورکیا دەستپێدەکەنەوە

دوای وەستانی گەشت ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەت بەهۆی کۆڕۆناوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تور…