13/09/2020

كۆبوونەوەی عەلی سیستانی و جێنین هێنیس پلاسخارت

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، جێنین هێنیس بلاسخارت لە سەردانەكەیدا بۆ شاری نەجەف كە ئەمڕۆ یەكشەممە ئەنجامی دا لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعە، عەلی سیستانی كۆبوویەوە.

نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعە راگەیەندراوێكی سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بڵاو كردەوە و رایگەیاند كە لە كۆبوونەوەكەدا، سەبارەت بە ژمارەیەك پرسی گرنگ، گفتوگۆكراوە لەوانە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە “هەڵبژاردنی پێشوەختە كە بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت زۆر گرنگە و دەبێت رێوشوێنی پێویست بۆ ئەنجامدانی بگیرێتەبەر بۆئەوەی ببێتە مایەی هاندانی هاووڵاتییان بەشێوەیەكی بەرفراوان بەشداری تیادا، بكەن”.

لە راگەیەندراوەكە ئاماژە بەوەیش دراوە كە بۆئەو مەبەستە داوا كراوە “دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بەپێی یاسا، دادپەروەریی و دوور لە بەرژەوەندیی ژمارەیەك لایەنی سیاسی ئەنجام بدرێت، هەروەها دەبێت پاك و بێگەردی و شەفافیەت لە سەرجەم قۆناغەكانی ئەنجامدانیدا رەچاو بكرێت، گرنگە هەڵبژاردنەكەیش لەژێر سەرپەرشتی و چاودێری بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە تایبەتمەندەكاندا بەڕێوەبچێت لەوانە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق”.

باس لەوەیش كراوە كە ئامانج لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەربازبوونە لەو قەیرانانەی كە لە بواری سیاسی، ئابووری، ئەمنی، تەندروستیی و خزمەتگوزاری بەرەوڕووی عێراق بووەتەوە، بۆیە گرنگە ئەو دەرفەتە بۆ هاووڵاتییان برەخسێندرێت كە بە ئازادی و دوور لە فشار نوێنەری خۆیان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی داهاتوو هەڵبژێرن و كاركردن بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكان.

بەپێی راگەیەندراوەكە، دواكەوتنی زیاتر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە یان ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە بەبێ‌ بوونی مەرجی پێویست بۆ سەرخستنی، ئەوا ئەنجامەكەی باوەڕ پێ كراو نابێت لای زۆربەی هاووڵاتییان كە دەبێتە ئەوەی كێشەكان لە وڵاتەدا قوڵتر ببنەوە كە دواجار سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان لێی پەشیمان دەبنەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەیش كراوە كە لە خاڵێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی نێوان عەلی سیستانی و جێنین هێنیس بلاسخارت-دا، ئەوە خراوەتەڕوو كە داوا لە حكوومەتی ئێستای عێراق كراوە بەردەوام بێت لە هەنگاوەكانی بۆ جێبەجێكردنی دادپەروەریی كۆمەڵایەتیی، كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان، سەپاندنی شكۆی دەوڵەت و دەست بەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت و لەوەبارەیەوە جەخت كراوەتەوە لەسەر ئەوەی كە نابێت رێگە بدرێت ناوچەكانی وڵات دابەش بكرێت و لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە لەژێر ناوی جیاجیا و دوور لە جێبەجێكردنی یاسا حكومڕانی بكرێن.

هەروەها داوایش لە حكوومەتی عێراق كراوە كە بە جیددی هەنگاو بنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و كردنەوەی دۆسیە گەروەكانی گەندەڵی بۆ ئەوەی سەرجەم گەندەڵكاران سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرێن و گەلیش مافی خۆی وەربگرێت، هەروەها داوا كراوە، حكوومەت بە جیددی كار بكات بۆ ئاشكراكردنی هەموو ئەو كەسانەی كە كردەی كوشتنی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانیان ئەنجامداوە و هێرشیان كردووەتە سەر سامانی گشتی و تایبەت و دەبێت ئەو لایەنانەیش ئاشكرا بكرێن كە كردەی رفاندن و تیرۆركردنیان بەم دواییانە بەرامبەر بە چالاكوانانی خۆپیشاندانەكان ئەنجامداوە.

راگەیەندراوەكەی نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق ئاماژەی بەوەیش داوە كە لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا باس لە پاراستنی سەروەریی كراوە و لەوبارەیەوە تیشك خراوەتە سەر ئەوەی کە رێگەگرتن لە بەزاندن و پێشێلكردنی سەروەری عێراق و رووبەڕووبوونەوەی دەستوەردانەكانی دەرەكی لە كاروباری عێراق بەرپرسیاریەتی هەمووانە و ئەوەیش پێویستی بە یەكریزی و یەكهەڵوێستی نیشتمانیی هەیە، بۆ ئەوەی سەروەریی، سەقامگیری و سەربەخۆی بڕیاری سیاسی وڵات پارێزراو بێت.

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

کازمی پارتێکی سیاسی دادەمەزرێنێت

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق پارتێکی سیاسی دادەمەزرێنێت و سەرۆکایەتی کردنیشی بە یەکێک …