20/08/2020

سالح و حەلبوسی لە سلێمانی کۆبونەوە

سەرۆككۆمار پێشوازیکرد لە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و جەختدەكاتەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە

• سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیانکردەوە لە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور، بەجۆرێک ببێتە مایەی پاراستنی مافی ھاووڵاتیان و مووچەخۆران و ھێنانەدی ژیانێکی خۆشگوزەران و ئازاد بۆ ھەموو ھاووڵاتیان.

سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠/٨/١٩ لە شاری سلێمانی پێشوازیكرد لە محەممەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆكرا دەربارەی دۆخی سیاسی و ئەمنی و خزمەتگوزاری لە وڵات، ھەروەھا پێشهاتە تەندروستییەکان کە بەهۆی پەتای كۆرۆنا ھاتووەتە پێش و دیاریكردنی شێوازی گونجاو بۆ سنورداركردنی دەرهاویشتە تەندروستی و ئابورییەكانی وڵات.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا جەختیكرایەوە لە پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاك و بێگەرد، وەك دەستكەوتێكی نیشتمانی و كۆڵەكەیەكی بنەرەتی بۆ هەنگاونان بەرەو چاكسازییە گرنگەکان، ھاوکات ئاماژەشکرا بۆ گرنگی تەواوكردنی یاسایی هەڵبژاردنەكان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران و ناردنی بۆ سەرۆكایەتی كۆمار.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیانكردەوە لە پێویستی یەكخستنی ریزەكانی نێوان هێزە عێراقییەكان و رەچاوکردنی بەرژەوەندی نیشتمانی بۆ چەسپاندنی سەروەری و سەقامگیری عێراق و بەگژاچوونەوەی ئاستەنگەكان كە ناوچەکە گیرۆدەی بووە، ھەروەھا بەھێزکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی و کاری هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور، بەجۆرێک ببێتە مایەی پاراستنی مافی ھاووڵاتیان و مووچەخۆران و ھێنانەدی ژیانێکی خۆشگوزەران و ئازاد بۆ ھەموو ھاووڵاتیان.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا جەختكرایەوە لەسەر پێویستی بەردەوامی بەرەنگاربوونەوە بۆ لەناوبردنی پاشماوە و شانە نوستووەکانی تیرۆریستان، لە پێناو بەدیهێنانی ئاسایش و ئارامی بۆ سەرجەم گەلی عێراق.

لە کۆتایی دیدارەکە دواین پەرەسەندنەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی گفتوگۆی لەبارەوەکرا، و ھەردوولا جەختیانكردەوە لەپێویستی پشتیوانیكردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ پتەوكردنی ئاشتی لە ناوچەكەدا.

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

کازمی پارتێکی سیاسی دادەمەزرێنێت

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق پارتێکی سیاسی دادەمەزرێنێت و سەرۆکایەتی کردنیشی بە یەکێک …