14/10/2019

بڕیاردرا لێکۆڵینەوەی بەپەلە لەو کەسانە بکرێت کە دەستڕێژی گولەیان کردوە لە خۆپێشاندەران

برادۆست میدیا

لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی سەلام: بڕیاردرا کە لێکۆڵینەوەی بەپەلە و لێپێچینەوە لەو کەسانە بکرێت کە دەستڕێژی گولەیان کردوە لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و ئازادکردنی دەست بە جێی دەستگیرکراوان

لە سەر بانگهێشتی سەرۆک کۆمار د. بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٠١٩/١٠/١٤ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو بەئامادەبوونی هەر یەک لە عادل عبدالمهدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و محەمەد حلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و دادوەر فائق زیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری.

لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی پێشھاتە سیاسی و ئەمنییەکان لەم دۆخە هەستیارەی ئێستا کرا و لەبەر رۆشنایی دواین گۆرانکارییە مەترسیدارەکانی کە بەهۆی خۆپیشاندانەکانی مانگی ئۆکتۆبەر کەوتەوە و چەندن رووداوی ئازاربەخش و تاوان، بوونە هۆی شەهید و بریندار بوونی هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان.

کۆبوونەوەکە بەم دەرئەنجامانەی خوارەوە کۆتایی هات کە بریتین لە:

١- لێکۆڵینەوەی ورد و ڕاست و خێرا لەبارەی دۆسیەکانی تایبەت بە بابەتی توند و تیژی و بەکارهێنانی هێز و دەستدرێژی کردنە سەر کەناڵەکانی راگەیاندن و جەخت کرایەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە لیژنەی لێکۆڵینەوە پیشەییانە و سەربەخۆ ئەرکەکانی راپەرێنێت و رێگری بکرێت لە هەر هەوڵێک کە کاریگەری بکاتە سەر رێرەوی لێکۆڵینەوەکان یاخود شاردنەوەی زانیارییەکان کە لیژنەکە پێویستی پێیەتی لە پێناو راپەراندنی ئەرکەکانی بە شێوەیەکی بێلایەنانە، بۆ رێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی روداو و تاوانی لەو جۆرە، هەروەها بۆ بە فیرۆ نەچوونی خوێنی قوربانییەکان و پتەوکردنی ئازادی هاووڵاتیان و مافەکانیان، بۆ دەربرینی بیر و راکانیان بە خۆپیشاندانی ھێمنانە و پارێزگاریکردن لە دەزگا ئەمنییەکان بەو پێگە و ئیعتیبارەی کە هەیانە وەک پارێزەرێک بۆ هاووڵاتیان و مافەکانیان، هەروەها پارێزگاری لە دیموکراسی کە سیستەمی سیاسی دەوڵەتی عێراقە و پارێزگاری لە ئەمن و ئاسایشی وڵات دەکات.

٢- ئازادکردنی تەواوی دەستگیرکراوەکان لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز دەست بەجێ بەبێ گوێدانە ئەوەی کە بە هۆی دۆخی خۆپیشاندانەکانەوە دەستگیر کراوە.

٣- داوا لە هەمووان دەکرێت رێز لە ئازادی کاری رۆژنامەوانی و ئاسایش و سەلامەتی ئەو کەسانە بگیرێت کە لە بواری راگەیاندن کار دەکەن لەگەڵ رێزگرتن لە مافی ھاووڵاتیانی عێراق بۆ بەدەست هێنانی زانیارییەکان بۆ رۆژنامەنووسان و بڵاوکردنەوەیان بە شێوازێکی بێلایەنانە و بەرپرسیارێتی پیشەییانە بە وردی و ڕوونی و بە دڵنیاییەوە و بەبێ هیچ جۆرە سانسۆرێک هەر لە سانسۆری پیشەیی و هەستی بەرپرسیارتی نیشتیمانیەوە هەر وەک لە کۆبوونەوەکە تەئکیدکرایەوە لەسەر دەربڕینی متمانەی خۆیان بە دەزگاکانی راگەیاندن بۆ ئەو دۆخە هەستیار و ناسکەی کە عێراقی پێدا تێپەڕ دەبێت، هیوایان خواست هەستی بەرپرسیاریەتی بۆ چەسپاندنی ئارامی عێراق و ئاسایش و ئاشتی و سەربەخۆییەکەی پتەوتر بێت کە ببێتە مایەی پەرەپێدانی ئەزموونی دیموکراتیمان و کە تیایدا راگەیاندن و ئازادییەکەی ببێتە پرەنسیپێک لە پرەنسیپەکانی پێشکەوتن و چەسپاندنی.

٤- کۆبوونەوەکە بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەک لە پسپۆڕانی عێراقی سەربەخۆیی تەواو و دەست پاک و خاوەن ویژدان بن بۆ دانانی بەرنامەیەکی نیشتیمانی ستراتیجی بۆ دیاریکردنی کێشەکانی سیستەمی دەوڵەت لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و دارایی و یاسادانان و رۆشنبیری و پێشنیازی چارەسەری گونجاو لەسەر کاری لیژنەکە پێویستە کە دەرەنجامێکی هەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا، هەروەها رێز لە کاری لیژنەکە و ئەنجامەکانی بگیرێت لەلایەن تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەت و ئەو لایەنانەی جێبەجێیان دەکەن.

٥- بانگهێشت کردنی پێکهاتە و هێزە سیاسییەکان بە ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنەکانی ئەنجومەن بۆ بەستنی کۆبوونەوەکان لەم دۆخەدا و کارکردن بە هەموو وزە و توانایەکیانەوە لە پێناو کاری چاودێری و دەستەبەرکردنی یاساکان و چاکسازییە یاساییە پێویستەکان بۆ کار ئاسانی چاکسازی و بە گژداچوونەوەی گەندەڵی بە تایبەت ئەو یاسا پێویستانەی کە زامنی یاسای دادپەروەرانە دەکەن و هاوتەریبن لەگەڵ کار و دامەزراندن و خانەنشینکردن و نیشتەجێبوون و چاودێری کۆمەڵایەتی و تەندروستی و وە جەخت کردنەوە لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ ئەوەی بە خێرایی پرۆژە یاساکان رەوانەی پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی هەر ھاووڵاتییەکی عێراقی دڵنیای وەربگرێت لەبارەی ژیان و داهاتووی و داهاتووی رۆڵەکانی.

٦- ناردنی تەواوی دۆسیەکانی گەندەڵی و بە تایبەت دۆسیە گەورەکان بۆ دادگای تایبەت مەند، بۆ ئەوەی دادگا تەواوی دۆسییەکان لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە نابێت دوا بکەوێت یەکلا بکاتەوە لە هەر لایەکەوە، بە هەماهەنگی پەرلەمان کە بەرپرسیاری یاسا دانانە و رۆڵ بگێرێت لە یەکلایی کردنەوەی ئەو کەیسانەی کە گەورەن و هەرەشەن بۆ سەر ئاسایشی دەوڵەت و دارایی و ئابووری و خزمەتگوزاری و بە فیرۆدانی سەرمایەکەی.

٧- چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیران پەیوەست بە جێبەجێکردنی داواکاری و مافی خۆپیشاندەران و دانانی خشتەیەکی کاتی بۆ جێبەجێکردنیان بە شێوەیەکی خێرا، کۆبوونەوەکە بە بایەخ و رێزەوە ستایشی ئەو بەرپرسیارێتیە نیشتیمانییەی کرد کە گەنجەکانمان لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا نیشانیاندا، هەروەها ئەو هەوڵ و هەڵوێستە بەرپرسیاریانەی مەرجەعی دینی و توێژی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری بەرز نرخاند، ھاوکات کۆبوونەوەکە هیوای خواست کە هەمووان بەرەو کاری چاکسازی هەنگاو بنێن و سور بن لەسەر ئەوەی کە عێراقی خاوەن پسپۆری و کەسانی پاکە ئەو چاکسازییە بگرنە ئەستۆ، هەمووان ئەو ساتە مێژوویەی ئێستا لێی دەڕوانین بە فکرێکی قوڵەوە بۆ پارێزگاریکردن لە داهاتووی دەوڵەتەکەمان و دیموکراسیەتەکەی لەگەڵ ئاسایش و خۆشگوزەرانی ھاووڵاتیانی عێراق و پێشکەوتن و ئاشتی بۆ وڵاتەکەمان لەم دۆخە هەسستیارەدا، با عێراق یەکەم بێت و هەموو گەلی عێراق پێکەوە بپارێزێت.
بەزەیی بۆ شەهیدە نەمرەکان
چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکانمان
شکۆمەندی بۆ عێراق

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

کازمی پارتێکی سیاسی دادەمەزرێنێت

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق پارتێکی سیاسی دادەمەزرێنێت و سەرۆکایەتی کردنیشی بە یەکێک …