18/08/2019

سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ بەرپرسە سەربازییە باڵاکانی ووڵات کۆبووەوە

برادۆست میدیا ـ بەغدا

سەرۆک کۆماری عێراق وەزارەتی بەرگری بەسەرکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە سوپا بەردەوام بێت لە ڕیشەکێشکردنی تیرۆر و دووبارە سەرھەڵنەدانەوەی داعش لە عێراقدا.

سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠١٩/٨/١٨ سەردانی وەزارەتی بەرگری کرد و لەلایەن وەزیری بەرگری نەجاح شمری و گەورە ئەفسەرانی سوپا بەگەرمی پێشوازیکرا.

لە میانی پێشوازییەکی فەرمیدا مارشی کۆماری لێدرا پاشان سەرۆک کۆمار و وەزیری بەرگری پاسەوانی شەرەفیان پشکنی کە سەرجەم پێکھاتەکانی سوپای عێراقی لە خۆگرتووە.

سەرۆک کۆمار لە وەزارەتی بەرگری وتارێکی پێشکەشکرد، تێیدا دووپاتیکردەوە کە خوێنی شەھیدان و قوربانی ھێزە چەکدارەکان لە سوپا و پۆلیس و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و حەشدی نیشتمانی و دژە تیرۆر بەرز دەنرخێنین کە لە پێناو پاراستنی ھاووڵاتییان و گشت عێراقدا رشتیان، ھەروەھا ڕایگەیاند کەبرینەکان خەریکە ساڕێژ دەبن، چونکە ئیرادەی ئێوە لە خواستی تیرۆر گەورەتربوو و یەکڕیزیتان بووە نمونەی یەکڕیزی نیشتمانی لەکاتە سەختەکاندا، ھەروەک ئەمڕۆش بونەتە جێگای ڕێزی مرۆڤایەتی کە بەشەرەفەوە بەرگریتانکرد لە بەرامبەر تیرۆریستاندا، ھاوکات وتی ھێزەچەکدارەکان بەگشت پێکھاتەکانییەوە گەورەترین داستانیان تۆمارکرد لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش و سەرکەوتنی گەورەیان بە دەستھێنا.

لە درێژەی وتارەکەیدا سەرۆککۆمار رایگەیاند،” کە پێویستە سوپا بەردەوام بێت لە ڕیشەکێشکردنی تیرۆر و دووبارە سەر ھەڵنەدانەوەی داعش لە عێراقدا.

سەرۆک کۆمار ئەوەشی دووپاتکردەوە کە نابێت سوپا بەشدار بێت لە یەکلایکردنەوەی ھاوکێشە سیاسییەکاندا بەڵکو دەبێت بێ لایەنی خۆی بپارێزێت و پیشەیانە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، ھاوکات جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە چەک تەنھا بە دەست دەوڵەت بێت.

سەبارەت بە کێشەکانی ناوچەکە سەرۆککۆمار رایگەیاند،” کە عێراق جارێکی تر نابێتە گۆڕەپانی یەکلایکردنەوەی ململانییە سیاسییەکانی ناوچەکە بەڵکو عێراق دەبێتە پێگەیەک بۆ بەیەکگەیشتنی لایەنە ناکۆکەکان، تا جارێکی تر ناوچەکە توشی شەڕ و ماڵوێرانی نەبێتەوە.

لەلای خۆیەوە وەزیری بەرگری سوپاسی سەرۆک کۆماری کرد بۆ گرنگیدان بە کارمەندانی سوپا و ھاوکات جەختیکردەوە کە ھێزە چەکدارەکان پەیمان دووپات دەکەنەوە کە سەربازێکی وەفاداربن بۆ بەرگریکردن لە ھاووڵاتییان و خاکی نیشتمان.

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

کازمی پارتێکی سیاسی دادەمەزرێنێت

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق پارتێکی سیاسی دادەمەزرێنێت و سەرۆکایەتی کردنیشی بە یەکێک …