25/11/2019

ئەحمەدی حاجی رەشید: دەبێت حكومەتی عیراق هەڵوەشێتەوە

برادۆست میدیا

ئەحمەدی حاجی رەشید، پەرلەمانتاری عێراق پێی وایە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، حكومەتێكی دەستوری نییەو دەبێت هەڵوەشێتەوە.

ئەحمەدی حاجی رەشید، لەنوسینێكدا لەلاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی”حكومەت و پەرلەمان ویاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و هێزەسیاسیەكان ئەو زنجیرە یەك لەدوای یەكانەن كەهەریەكەیان بەرهەمی لەدایك بوی ئەوی تریانە، هەموو حكومەتێك كە پێكدێت دەرهاوێشتەی ئەو پەرلەمانەیە كە هەڵبژێراوی خەڵكە بەتایبەت ئەگەر سیستەمەكە پەرلەمانی بێت وەك ئەوەی كە لەعێراق دەگوزەرێت.”

ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە تەواوكەری زنجیرەكە لەعێراق بریتی بوو لەو پەرلەمانەی كە لەئەنجامی هەڵبژادنێكی پرساختەو فێڵكردن هاتەكایەوەو بەبەكارهێنانی یاسایەك كە هێزە سیاسییە گەورەكان وەستای دورینی بون پڕ بەبەری خۆیان.

ئاماژەی بەوەشكردووە “تەنها چارەسەر ئەوەیە بە زنجیرەكەی سەرەتادا بڕۆینەوەو یەك لەدوای یەك هەڵیانوەشێنینەوە تا دەگەینە ئەو ئاستەی كە دەكرێت بڵێین لەهەوڵی چاكسازیداین ئەگەرنا ئەوەی ئێستا پەرلەمان و حكومەت دەیكەن جگە لە پینەو پەڕۆكردن هیچی تر نییە.”

ئەوەشی خستۆتەڕوو، دەبێت حكومەت هەڵوەشێتەوەو لەبری ئەوە حكومەتێكی كاربەڕێكەر بۆ ماوەی (6) مانگ هەبێت و پەرلەمان لەو ماوەیەدا یاسای هەڵبژاردن هەموار بكات بەشێوەیەكی گونجاو و لەبەرژەوەندی پرۆسەكە بێت بەسەرپەرشتی شارەزایانی نێودەوڵەتی و  هەڵبژاردنی پێشوەختیش لەماوەی ئەو (6) مانگەدا بەسەر پەرشتی دادوەران و نەتەوە یەكگرتوەكان ئەنجام بدرێت.

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

کازمی پارتێکی سیاسی دادەمەزرێنێت

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق پارتێکی سیاسی دادەمەزرێنێت و سەرۆکایەتی کردنیشی بە یەکێک …