15/10/2019

دۆناڵد تڕەمپ و مەزلوم کۆبانێ پەیوەندیەکی تەلەفۆنی ئەنجام دەدەن

برادۆست میدیا

سەرۆکی ئەمریکا لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە قسەی لەگەڵ مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە و باسیان لە چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش کردووە.

مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە 14-10-2019 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە و لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باسیان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا و هەروەها چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش لەلایەن هەسەدە کردووە.

هاوکات، ترەمپ هەر هەمان رۆژ پەیوەندی بە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیاشەوە کردووەو پێی راگەیاندووە، کە ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە لە ئەمریکاوە دەستکەوتەکانی شەڕی داعشی خستووەتە مەترسییەوە و هەروەها لە کۆتاییدا سوود بە ئێران دەگەیێنێت.

ترەمپ راستەوخۆ داوای لە سەرۆکی تورکیا کردووە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بۆسەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بووەستێنێت.

حەوت رۆژە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە، ئۆپەراسیۆنەکە کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، بەهۆی پشتتێکردنی ئەمریکاش، هەسەدە رێککەوتنی لەگەڵ سوپای سووریا کرد بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ناوچە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و سووریا.

شەوی رابردوو (دووشەممە 14-10-2019) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دا، بەمنزیکانە بڕیاری سزادان بۆ بەرپرسانی ئێستا و پێشووی تورکیا دەردەکات و سزاکە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە ”هاوکاری چالاکییە ناسەقامگیرەکانی تورکیا لە سووریا دەکەن”.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات “دانوستاندنەکانمان لەگەڵ تورکیا لەبارەی رێککەوتنی بازرگانییەکەمان بە بەهای 100 ملیار دۆلار لەگەڵ تورکیا دەوەستێنین. هاوکات باجی سەر پۆڵا 50% زیاددەکەینەوە”.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە راگەیێندراوێکدا سزاکانی وڵاتەکەی بۆسەر تورکیا ئاشکراکرد و رایگەیاندووە، سێ بەرپرسی باڵای تورکیا سزادراون لەنێویاندا ناوی وەزیری بەرگریی تورکیا هەیە.

سەرچاوە : هەتاو میدیا

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

لێدوانی وەزیری دارایی لەبارەی دابەشکرنی مووچە پێش جەژن

ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە مەرجێک دەتوانین م…