07/08/2020

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران واز لە پۆستەکەی دەهێنێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ رایگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران بڕایان هوک-ی پەسندکردوە، لەشوێنی ئەو نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڤەنزوێلا ئیلیەت ئابرامز ئەرکەکە وەرگرتوە.

دەست لەکارکێشانەوەی هوک لەکاتێکدا دێت واشنتن هەوڵ دەدات پشتیوانی وڵاتان دەست بکەوێت بۆ درێژکردنەوەی قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بە ئێران کە هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگدانی لەسەر دەدات.

بڕایان هوک چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی دەست لەکارکێشانەوەکەی ڕابگەیەنێت بە ڕۆژنامەنووسانی وت ” بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی لەو بابەتەدا، هیوادارین ئەنجومەنی ئاسایش ڕێگەیەک بۆ ئەوە بدۆزێتەوە.”

هێشتا ڕوون نیە ماوە فەڕمییەکەی هوک لە پۆستەکەیدا کەی تەواو دەبێت و ئایا لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە تاوەکو دەنگدانەکە دەکرێت یاخود نا. پۆمپێیۆش هیچ هۆکارێکی بۆ دەست لەکارکێشانەوەی هوک نەخستەڕوو، بەڵام لە تویتێکدا وتی هوک دەیەوێت لە کەرتی تایبەتدا کاربکات.

وتیشی ” هوک ڕاوێژکارێکی متمانەپێکراو و هاوڕێیەکی باشە. لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێراندا ئەنجامی مێژوویی بەدەستهێناوە و بۆتە هۆی ئازادکردنی کۆمەڵێک لەو ئەمەریکیانەی کە لە ئێران دەستگیرکرابوون.”

لە کۆتای ساڵی 2018 دا هوک بووە نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران و ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە هەوڵەکانی واشنتن بۆ چرکردنەوەی فشارەکانی سەر ئێران.

جێگرەوەکەی هوک، ئیلیەت ئابرامز لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا بووە نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڤەنزوێلا و پەیڕەویی سیاسەتێکی توند دەکات کە ئامانج لێی دوورخستنەوەی سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆیە لەسەر دەسەڵات، بەڵام تاوەکو ئێستا مادورۆ سوپای وڵاتەکەی لەژێر دەستدایە و ڕوسیا و چین و کوبا و ئێرانیش پشتیوانی لێدەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەڕز

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

ئەمڕۆ ئەمەریکا سزا بەسەر 24 کەس و لایەندا دەسەپێنێت کە بازرگانی چەکیان لەگەڵ ئێراندا کردوە

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ئاشکرای دەکات، ئەمڕۆ دووشەممە واشنتن سزا بەسەر زیاتر لە 24 کەس و …