29/10/2019

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا ده‌نگ بۆ لادانی تره‌مپ‌ دەدات

برادۆست میدیا

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ یه‌كه‌مین ده‌نگدان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت بە لێپرسینه‌وه‌ له‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌ مه‌به‌ستی له‌سەر كارلادانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

نانسی پێلۆسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه‌ زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ سەربە دیموكراته‌كانن له‌ نامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، ئه‌م جۆره‌ ده‌نگدانانه‌ ناچاری نین، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ له‌ میانی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا نه‌بێت به‌ رێگر له‌وه‌ی هیچ جۆره‌ به‌ڵگه‌یه‌ك بگێڕنه‌وه‌، رێگری له‌ وته‌ وه‌رگرتن له‌ گه‌واهیده‌ران نه‌كه‌ن و بانگهێشتنامه‌كان ره‌تنه‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌م ده‌نگدانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

له‌نامه‌كه‌ی پێلۆسیدا هاتووه‌، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ پڕۆژه‌ یاسایه‌ك پێشكه‌ش ده‌كه‌ن بۆ جه‌ختكردنه‌وه له‌وه‌ی داواكاری به‌ڵگه‌كان، تۆمار و وته‌كان بۆ بانگهێشتكردن و هه‌نگاوه‌كانی دیكه‌ به‌شێكن له‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ لایه‌ن لیژنه‌كانیانه‌وه‌”.

هاوکات لای خۆیه‌وه‌ كۆشكی سپی رایگه‌یاند، تاكو تێكستی پڕۆژه‌ یاساكه‌ نه‌بینن، لێدوانێكی روونیان نابێت و ده‌ڵێت، “له‌ كۆتاییدا پێلۆسی راستییه‌ك قبوڵ ده‌كات كه‌ ته‌نانه‌ت كه‌سانی بێئاگاش له‌ ئه‌مریكا ده‌یزانن. دیموكراته‌كان پرۆسه‌یه‌كی لێپرسینه‌وه‌یان به‌ڕێوه‌ده‌برد كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌یان نه‌بوو، مافه‌ یاساییه‌كانی به‌ سه‌رۆك تره‌مپ نه‌ده‌دا. هه‌روه‌ها وته‌ وه‌رگیراوه‌كان له‌ پشت ژووره‌ داخراوه‌كان و به‌نهێنی به‌ته‌واوی نایاسایی بوون”.

په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌ مشتومڕاوییه‌كه‌ی نێوان دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکی ئەمریکا و ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی سەرۆکی ئۆکرانیا، كه‌ له‌ مانگی ته‌مووزدا ئه‌نجامدراوه‌، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی دیموكراته‌كانی كۆنگرێس لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی له‌سه‌ر كارلادانی تره‌مپ ده‌ستپێبكه‌ن.

بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌كرابوو تره‌مپ له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا، داوای له‌ ئۆكرانیا كردووه‌ له‌ كوڕی كاندیدی به‌رایی دیموكراته‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ٢٠٢٠، جۆبایدن بكۆڵێته‌وه‌. له‌به‌رامبه‌ردا تره‌مپ داكۆكی له‌وه‌كردبوو كه‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ زێلێنسكی به‌ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كاندا گونجاو بووه‌.

له‌ ژماره‌یه‌ك هه‌واڵدا كه‌ له‌ میدیای ئه‌مریكادا بڵاوكرابوونه‌وه‌، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ كرابوو تره‌مپ به‌ سه‌رۆكی ئۆكرانیای گوتووه‌ ته‌نها ئه‌گه‌ر بێت و له‌ بایدن و خانه‌واده‌كه‌ی بكۆڵێته‌وه‌، هاوكاریی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات و دیموكراته‌كانیش له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م بانگه‌شانه‌ ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر كار لادانی سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان كردبوو.

لای خۆشییه‌وه‌ تره‌مپ رایگه‌یاندبوو، به‌ر له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ئۆكرانیا كه‌ بڕه‌كه‌ی ٤٠٠ ملیۆن دۆلاره‌، هه‌ڵپه‌سێردراون.

دواتر كۆشكی سپی ده‌قی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ و داكۆكی له‌وه‌كرد كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌ نێوان په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ و هاوكارییه‌كاندا نییه‌.

mor

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

ئەمڕۆ ئەمەریکا سزا بەسەر 24 کەس و لایەندا دەسەپێنێت کە بازرگانی چەکیان لەگەڵ ئێراندا کردوە

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ئاشکرای دەکات، ئەمڕۆ دووشەممە واشنتن سزا بەسەر زیاتر لە 24 کەس و …