15/04/2020

سەرۆک ترامپ ئەو پارەیەی بڕی کە ئەمەریکا دەیدات بە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی

ئەمریکا

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ ئەو پارەیەی بڕی کە ئەمەریکا دەیدات بە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ چۆنێتی مامەڵەکردنی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەگەڵ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

سەرۆک ترەمپ ڕەخنەی توند لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەگرێت لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنی ڕێکخراوەکە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنادا و دەڵێت چین زانیاری هەڵەیداوە سەبارەت بە ڤایرۆسەکە و پێدەچێت هەر ئەوەش هۆکاری ئەوە بووبێت ڤایرۆسەکە بەوشێوەیەی ئێستا بە جیهاندا بڵاوبۆتەوە.

سەرۆک ترەمپ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی وتی ” ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی شکستی هێناوە لە جێبەجێکردنی ئەرکە سادەکەی خۆیدا و دەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت.”

تاوەکو ئێستا نزیکەی 2 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و زیاتر لە 124 هەزار کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

لەلای خۆیەوە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش وتی ئێستا کاتی ئەوە نیە یارمەتییەکان بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کەم بکرێنەوە.

گۆتیرێش لە بەیاننامەیەکدا وتی ” ئێستا کاتی ئەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یەکبگرن و پێکەوە کار بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەم ڤایرۆسە و دەرەنجامە خراپەکانی.”

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا لەنێو وڵاتاندا زۆرترین یارمەتی پێشکەشی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەکات، لە ساڵی 2019 دا 400 ملیۆنی پێشکەشی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کرد کە لە سەدا 15 ی بودجەکەی دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

ئەمڕۆ ئەمەریکا سزا بەسەر 24 کەس و لایەندا دەسەپێنێت کە بازرگانی چەکیان لەگەڵ ئێراندا کردوە

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ئاشکرای دەکات، ئەمڕۆ دووشەممە واشنتن سزا بەسەر زیاتر لە 24 کەس و …