11/09/2019

ڕاستی و دروستی ئەو هەواڵانە چین؟ ئایا بەم زووانە هیچ هەسارۆکەیەک بەر گۆی زەوی دەکەوێت؟

برادۆست لایف ستایل ــ هەولێر

گرنگ: ڕاستی و دروستی ئەو هەواڵانە چین؟
ئایا بەم زووانە هیچ هەسارۆکەیەک بەر گۆی زەوی دەکەوێت؟
بەداخەوە هەندێک پەیج و ڕاگەیاندن تەنیا بۆ سەرنجڕاکێشان و لایک کۆکردنەوە خەڵک دەترسێنن، زۆربەیان ئەم هەواڵانە بەشێوەیەکی زۆر نادروست و بە ناتەواوی بڵاودەکەنەوە…

ڕاستیەکە ئەمەیە: کۆمەڵێک هەسارۆکە لەگۆی زەوی نزیک دەبنەوە، یەکێکیان لە مانگی داهاتوو، کۆمەڵێکیش لەساڵانی داهاتوو، بەڵام دڵنیابن هیچ ترسێکی ناوێت، چونکە بەر گۆی زەوی ناکەون..!

ئەمە ڕۆژێک هەر ڕوودەدات، بەدرێژایی مێژووی گۆی زەوی ئەو هەسارۆکانە بەرگۆی زەوی کەوتوون، بەڵام لەبەر کورتی ژیانی ئێمە ئەگەری ئەوەی هەریەک لەئێمە ئەوە ببینین لەو ماوە کورتەدا زۆر کەمە، ئەمەش‌ بەتایبەتی زۆر ڕاستە بۆ هەسارۆکە تا ڕادەیەک گەورەکان کە بە ملیۆنەها ساڵ جارێک یەکێکیان بەر گۆی زەوی دەکەون…

لە ئێستادا ئەمەریکا خاوەنی سیستەمێکی چاودێری ئەوتۆیە کە دەتوانێت ئەو هەسارۆکانەی تیرەکانیان لە دە پانزە مەتر بەسەرەوەیە ببینێت ئەگەر لەگۆی زەوی نزیک ببنەوە، هەتا ئەگەر ئەو هەسارۆکە بچوکانە بەڕادەی سەدەها هەزار کیلۆمەتر دوریش بن، گەورەکانیش ئەوانەی تیرەکانیان دەگاتە دەیەها کیلۆمەتر و بەسەرەوە لەهەرکوێیەکی نێو کۆمەڵەی خۆر بن هەستیان پێدەکرێت و دەبینرێن، لەبابەتێکی تری تایبەت بەوردی باسی ئەو سیستەمەی چاودێریکردنە دەکەم…

هەسارۆکەی 2006QV89 کە تیرەکەی تەنیا نزیکەی 30 مەتر دەبێت، واتە بەبەراورد بەردێکی زۆر بچوکە، لە بەرواری 27 ی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ 2019 بەنزیک گۆی زەویدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەدڵنییاییەوە ئەمجارە بەرگۆی زەوی ناکەوێت، ئەگەری بەرکەوتنی بەگۆی زەوی زۆر زۆر کەمە، ئەو ئەگەرە ئەوەندە کەمە یەک لە نۆ هەزارە، بەداخەوە لەهەندێک لەڕاگەیاندنەکان و پەیجە کوردیەکانیش خەڵک دەترسێنن گوایە لەمانگی داهاتوو بەر گۆی زەوی دەکەوێت، دڵنیا بن ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەکی نیە…

شەش هەسارۆکەی تر لە دەیەی داهاتوو تەنیا لەماوەی دوو ساڵدا زۆر نزیک دەبنەوە لە گۆی زەوی، بەڵام بەپێی پێوانەکان چاوەڕوان ناکرێت هیچیان بەر گۆی زەوی بکەون، ئەمە لەنێوان ساڵی 2027 تاوەکو ساڵی 2029 ڕوودەدات، یەکێکیان بەچاویش دەبینرێت لەشەودا لەو کاتەدا، دووانیان بە دووربین و تەلەسکۆپ دەبینرێن، سیانەکەی تر تەنیا بە تەلەسکۆپ دەبینرێن لەو کاتەدا، گەورەترینیان تیرەکەی نزیکەی 3 کیلۆمەتر دەبێت و پێی دەووترێت 1990MU ، دووان لەو هەسارۆکانە دووریان لەگۆی زەوی لەمانگ کەمتر دەبێتەوە، یەکێکیان کە پێی دەووترێت Apophis99942 لە ساڵی 2029 زۆر زۆر نزیک دەبێتەوە لەگۆی زەوی و دووریەکەی بۆ ماوەیەکی کەم دەبێتە تەنیا نزیکەی 31 هەزار کیلۆمەتر لە گۆی زەوی، ئەو کاتە وەک ئەستێرەیەکی جوڵاوە دەبینرێت لە ئاسمان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک، لەگەڵ ئەوەی ئەمەیان مەترسیدارترینیانە لەئێستادا، بەڵام ئەویش بەپێی پێوانەکانی ئێستا بەر گۆی زەوی ناکەوێت…

بۆ زانیاریتان، بەپێی خەمڵاندنەکانی ناسا تەنیا لە پشتێنەی ناوەوەی هەسارۆکەکان لەنێوان هەسارەی مەریخ و موشتەری پتر لە 5 ملیۆن هەسارۆکەی گەورە و بچوک هەیە، تا ئێستا توانیومانە نەخشەسازی تەنیا بۆ نزیکەی 18 هەزار لەو هەسارۆکانە بکەین کە لەگۆی زەوی نزیک دەبنەوە و پۆلێن کراون بەپێی مەترسیان لەسەر گۆی زەوی…

بەداخەوە کۆمەڵێک ڕۆژنامە و سایت، هەروەها پەیجی فەیسبووک لەسەرانسەری جیهان، هەروەها هەندێک لەڕاگەیاندن و پەیجە کوردیەکانی فەیسبووک بەسود وەرگرتن لەنزمی زانیاری خەڵک لەم بوارە ناوەناوە زانیاری هەڵە یان هەڵبەستراو بڵاودەکەنەوە لەسەر ئەو هەسارۆکانە و بۆ سەرنجڕاکێشان خەڵک دەترسێنن…

دڵنیابن هەر زانیاریەکی نوێ یان گرنگ هەبێت دەربارەی ئەم بابەتە من زوو بۆتان پشتڕاست دەکەمەوە…

لوقمان حەوێز/ تێکساس

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

ترامپ، تیک تۆک لە ئەمریکا قەدەغە دەکات

بڕیار وایە ئەمڕۆ شەممە ۱ی ٨ی ۲۰۲۰، دۆناڵد ترامپ-ی سەرۆکی ئەمریکا، یاسایەک واژۆبکات کە تیاد…