13/09/2019

نوێ: بۆ یەکەمجار هەڵمی ئاو لەسەر هەسارەیەکی تری دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر دەدۆزرێتەو…..

برادۆست لایف ستایل ــ هەولێر

نوێ: بۆ یەکەمجار هەڵمی ئاو لەسەر هەسارەیەکی تری دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر دەدۆزرێتەو…..

ئەم دۆزینەوەیە چی دەگەیەنێت؟

لەڕێگەی کۆمەڵێک چاودێری بۆ یەکەمجار هەڵمی ئاو لە نێو بەرگە هەوای هەسارەی K2-18b دۆزرایەوە، ئەم هەسارەیە لەنێو سیستەمێکی خۆری جیاوازدایە دوور لە کۆمەڵەی خۆری ئێمە، هەسارەکە بەدەوری قەزەمە ئەستێرەیەکی سووردا دەسوڕێتەوە لە دووریەک لەئەستێرەکەی یان خۆرەکەی کە دەکەوێتە زۆنی گونجاو بۆ ژیان لەنێو ئەو کۆمەڵەی خۆرەدا، زۆنی گونجاو بۆ ژیان لەنێو هەر کۆمەڵەی خۆرێکدا ئەو دووریەیە لەئەستێرەکە کە پلەی گەرمی بەجۆرێکە بواری ئەوە دەدات ئاو بتوانێت هەبێت لەدۆخی شلدا، ئەستێرەکە کە لەجۆری قەزەمێکی سورە نزیکەی111 ساڵی تیشکی لە ئێمە دوورە، هەسارەکەش کە بەردینیە وەک گۆی زەوی بەڵام گەورەترە و بارستەکەی 8 ئەوندەی بارستەی گۆی زەویە لە ساڵی 2015 لەلایەن تەلەسکۆپی کێپلەر لەگەڵ هەسارەیەکی تردا لەنێو ئەو سیستەمی خۆرەدا دۆزرانەوە…

ئەم هەواڵە لەگەڵ وردەکاریەکانی چاودێریەکە و لێکۆڵینەوەکە دوێنێ لە گۆڤاری سروشت و گەردوونناسی بڵاوکرایەوە، هەروەها هەر دوێنێش دۆزینەوەکە لەلایەن ئاژانسی ناسا پشتڕاستکرایەوە…

بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیاریەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە هەندێک زانیاری تر بەکارهێنراون کە لەڕێگەی چاودێریەکانی تەلەسکۆپی هابڵ کۆکراونەتەوە پێشتر لە ساڵانی 2016 و 2017…

بوونی ئاو بەیەکێک لە پێداویستیەکانی دروستبوون و پەرەسەندنی ژیان دادەنرێت بەو شێوەی دەیزانین لەسەر هەسارەکەی خۆمان، بەڵام تەنیا بوونی ئاو یان هەڵمی ئاو مانای ئەوە نیە ژیان هەیە یان دروستبووە لەسەر ئەم هەسارەیە، بۆ دڵنیایی کردنەوە لە بوونی ژیان لەسەر هەسارەکانی تری کۆمەڵە خۆرەکانی تر پێوستیمان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە، بەتایبەتیش دەبێت بەدوای نیشانە بایۆلۆژیەکان Biological.Marks بگەڕێین کە لەوانەیە لەسەر هەسارەکە هەبن وەکو گازی ئۆکسجین و میثان لەنێو بەرگە هەوای ئەو هەسارەیە، بوونی بڕێکی باش لەگازی ئۆکسجین ئاماژە دەبێت بەڕوودانی کرداری تیشکەپێکهاتن لەسەر ڕووی هەسارەکە و ئەمەش دەبێتە بەڵگەیەکی بوونی ژیان، چاوەڕوان دەکرێت تەلەسکۆپی جێمس وێب بتوانێت ئەم لێکۆڵینەوانە تەواو بکات…

کێشەیەکی ئەم هەسارەیه ئەوەیە زۆر نزیکترە لەئەستێرەکەی بەبەراورد بەدوری گۆی زەوی لە خۆر بۆ نمونە، لەبەر نزیکی تەنیا بە 33 ڕۆژ جارێک بەدەوری ئەستێرەکەیدا دەسوڕێتەوە، ئەم نزیکیەش وادەکات بڕێکی زۆر لەتیشکە زیان بەخشەکان لەئەستێرەکەوە بگەن بەسەرڕووی هەسارەکە، ئەمەش نیشانەیەکی باش نیە بۆ دروستبوون و مانەوەی ژیان بەگشتی…

سەرچاوەی هەواڵەکە: ئاژانسی ناسا، دوێنێ، وێنەکەش نیگارێکی بەدەست کێشراوی ئەو هەسارە و خۆرەکەیەتی لەگەڵ هەسارەکەی تر…

سەرچاوە :لوقمان حەوێس /تێکساس

كۆمێنتی خۆت جێبێلە

هەواڵی تر

ترامپ، تیک تۆک لە ئەمریکا قەدەغە دەکات

بڕیار وایە ئەمڕۆ شەممە ۱ی ٨ی ۲۰۲۰، دۆناڵد ترامپ-ی سەرۆکی ئەمریکا، یاسایەک واژۆبکات کە تیاد…